بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئامادەبوون لە کۆڕبەندی سنە دەربڕی و ڕایگەیاند: هەرچەندە دهۆک سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئێراندا نییە، بە هۆی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و کوردانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغە جیاجیاکاندا و هەروەها لە کاتی شەڕ لەدژی ڕژێمی بەعس، هەمیشە پەیوەندییێکی نزیک لە نێوانیاندا هەبووە.
ناوبراو لێدوانەکانی نوێنەری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە پارێزگای کوردستان لەبارەی ڕیشەی هاوبەشی ئێران و کوردەکانی هەرێمی کوردستان پشتڕاست کردەوە و وتی: بە سەرنجدان بەم هاوبەشییە ڕەگەزی، زمانی، فەرهەنگی و ئایینیانە، هەمیشە جەختمان لە ئیرادەی جیددی خۆمان کردووەتەوە بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان.
ناوبراو ئاماژەشی دا بە وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئێرانییەکان و چالاکییەکانیان لە چەند پڕۆژەیەک لە پارێزگای دهۆک، ئەوەش سەرەڕای نەبوونی سنوورێکی هاوبەش لەگەڵ ئێران و وتی: دەمانەوێت پەرە بەو پەیوەندییانە و چالاکیی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە دهوک بدەین.
عەلی تەتەر ڕاشیگەیاند: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستی پێکردووە و دەتوانین ئەم پێوەندییانە قووڵتر و زیاتر بکەینەوە.
پارێزگاری دهۆک دووپاتی کردەوە کە لە ڕێگای بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانەوە کارئاسانی بۆ چالاکیی بازرگانیی کۆمپانیا ئێرانییەکان دەکەن.
Your Comment