پشتگیریی مامۆستایانی ناڕازی شارەزوور لە مامۆستایانی سلێمانی

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی شارەزوور پەیامێکی توندیان لەبارەی مانگرتووانی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی بڵاو کردەوە و ڕایدەگەیڵنن: ئێمە وەک ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی شارەزوور، سەرباری چەندین تێبینی و نیگەرانیمان لە شێواز و کات و هەڵسوڕاندنی ئەم چالاکییە پڕ سەرکێشییە؛ کە هەر ئەمەش وای کرد درەنگ بێین بەدەم ئەم چالاکییەوە؛ هاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ هاوڕێیانی مانگرتوومان ڕادەگەیێنین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی شارەزوور باسیان لەوە کردوە: "لێرەشەوە ڕوو لە دەسەڵاتدارانی ملهوڕ و هیچ لەباردانەبووی پارتی و یەکێتی دەکەین و دەڵێین؛ ئەگەر زەڕەیەک ئەخلاق و ویژدان و مرۆڤبوونتان تیا ماوە، دەست لە ڕاوڕووت و دزی و درۆ و تاڵانکاری و بازرگانیکردن بە ژێرخاک و سەرخاک و خەڵکی ئەم هەرێمە بەشمەینەتە هەڵبگرن و داواکارییە سەرەتاییەکانی مانگرتووان و مووچەخۆران جێبەجێبکەن، کە خۆیان لە (تەوتینی مووچە لە بانکە فیدراڵییەکان، پلەبەرزکردنەوە، پێدانی مووچەی مانگی ۱۲ و ۱ لەگەڵ دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان)دا دەبینێتەوە".

دەقی نووسراوەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی شارەزوور

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان (پەیامی پشتیوانی لە مانگرتووان)

ئێمە وەک ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی شارەزوور، سەرباری چەندین تێبینی و نیگەرانیمان لە شێواز و کات و هەڵسوڕاندنی ئەم چالاکییە پڕسەرکێشییە؛ کە هەر ئەمەش وای کرد درەنگ بێین بەدەم ئەم چالاکییەوە؛ هاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ هاوڕێیانی مانگرتوومان ڕادەگەیەنین و دروشمی "مردن لەپێناو ژیان"یان بەرز و پیرۆز دەنرخێنین.

لێرەشەوە ڕوو لە دەسەڵاتدارانی ملهوڕ و هیچ لەباردانەبووی پارتی و یەکێتی دەکەین و دەڵێین: ئەگەر زەڕەیەک ئەخلاق و ویژدان و مرۆڤبوونتان تیا ماوە، دەست لە ڕاوڕووت و دزی و درۆ و تاڵانکاری و بازرگانیکردن بە ژێرخاک و سەرخاک و خەڵکی ئەم هەرێمە بەشمەینەتە هەڵبگرن و داواکارییە سەرەتاییەکانی مانگرتووان و مووچەخۆران جێبەجێ بکەن، کە خۆیان لە (ــ تەوتینی مووچە لە بانکە فیدراڵییەکان. ــ پلەبەرزکردنەوە ــ پێدانی مووچەی مانگی ۱۲ و ۱ ــ دیاری کردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان)دا دەبینێتەوە.

ژیان و تەندروستی ئەم مانگرتووانە، لە چاوی خۆبینتان دەناسین و هەر پێشهاتێکی نەخوازراو ڕووبدات بۆیان، بەدڵنیاییەوە ئێوەی گومڕا بەبێ باجی گەورە لێی دەرباز نابن. پێشتان ئەڵێین: ئەگەر ئینسانیەتتان تیاماوە؛ ئەگەر ئەزانن غیرەت چییە؛ ئەگەر بۆنی بێویژدانی بەیەکجاری کاسی نەکردوون؛ بەسە.. بەس، چیتر بەخۆدا بێنەوە، خەڵک لە سایەی ئێوەی خوێنمژدا؛ مردنی پێ لە ژیان خۆشتر و سەربەرزانەترە؛ "يَا أَيُّهَا الْإِنسَانُ مَا غَرَّكَ بِرَبِّكَ الْكَرِيمِ" بە دەسەڵاتدارانی یەکێتی و ئەو بەرپرس و فراکسیۆن و پەرلەمانتار و لایەنە پەیوەندیدارانەش کە سەردانی مانگرتووان دەکەن، دەڵێین: بە سەردانێکتان بۆ ئێرە و بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیتان، وا نەزانن کە پاک بوونەتەوە و تەواو ئیتر هەموو ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی و ویژدانیتان بەجێگەیاندووە؛ دەپرسین کوا هەرێمی سەربەخۆی سلێمانیتان؟ کوا کارکردنتان بۆ جێبەجێکردنی بڕگەی پارێزگای ناڕازیی لە بوودجەی فیدراڵیدا؟ کوا تەوتین و پلەبەرزکردنەوەتان؟ کوا ڕەتکردنەوەی هەژماری مدیر عام. کوا ڕەتکردنەوەی دەرەنجامی هەڵبژاردنی دیزاینکراو؟ لە یارییەکانتان تێگەشتووین، ئێوە لەگەڵ مەڕدا شین دەکەن و لەگەڵ گورگدا گۆشت دەخۆن، هەرگیز بەم سەردان و لێدوانانەتان پاک نابنەوە.

لێرەشەوە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هاوڕێمان دڵنیا دەکەینەوە، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی شارەزوور کە ئەندامە لە ئەنجومەنی سەرتاسەریی؛ لەگەڵ هاوڕێیانمان لەو ئەنجومەنە دلێر و ماندوونەناسەدا، بەردەوام و دوور لە چاوی ڕاگەیاندن لە هەوڵداین بۆ گێڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانمان، ماوەی دوو ڕۆژە نوێنەرە ماندوونەناسەکانمان لە بەغدادن و سەرقاڵی چالاکی و دیدارن لەپێناو چەسپاندنی داوا ڕەواکانمان.

لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن و ئیرادەی خۆڕاگری زیاتر بۆ مانگرتووان دەخوازین و سەرکەوتن هەر بۆ ناڕازییە ڕاستەقینەکانە. سەرشۆڕی و ڕووڕەشی بۆ تاڵانکارانی دەسەڵات و هەموو ئەو ساختەچییانەی بەناوی ناڕازییەوە، بازرگانی بە شەقام و چالاکییەکانی شەقام و مەینەتییەکانی شەقامەوە دەکەن و لە ڕێی خونکیکردن و دەربارییان بۆ دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵە، لەکە و نەنگی ئەهێننە سەر پەڕەی سپیی خەباتی مامۆستایان.

 ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی شارەزوور

News Code 224817

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha