زاهیر ئەحمەد، بەرپرسێکی نووسینگەی پەیوەندییەکانی "MSD" لە پەراوێزی دانیشتنێکی دیالۆگی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە شاری حەسەکە، رایگەیاند: گفتوگۆیان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق ئەنجام داوە و ئەو گفتوگۆیانە بەردەوام دەبن.
ناوبراو بۆ ئاژانسی نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەش کرد: "هەموو کۆبوونەوەکان ئەرێنی و بەرهەمداربوون، ئێمەش گەشبینین کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەندێک ڕێککەوتن بکرێت".
شەممەی ڕابردوو، عەلی رەحمۆن، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، ئیدارەی نوێی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنە سەربازیی و ئابووری و ئەمنی و ئیداری.
ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە، "هەوڵەکان بەردەوامن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق بۆ خاڵبەندی، بەتایبەتی کە قەیرانی سوریا خراپتر دەبێت ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەو هێزە سیاسیانە نەبێت، کە نیگەرانن لە حکوومەتی ئێستا و هەروەها داهاتووی وڵات".
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کۆنفرانسە کە بڕیارە لە دیمەشق بەڕێوەبچێت "سەرکەوتوو نابێت ئەگەر هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەخۆ نەگرێت"، هەروەها دەڵێت: "ئێمە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەین کە بەشداربین نەک وەک تاک، بەڵکوو دەبێت بەشداری کردنمان وەک هێزی بنەڕەتی بێت کە ناوچەکەیان پاراستووە و ئەزموونی سیاسی و ئیداری و سەربازییان هەیە".
Your Comment