یاسای چوارچێوەیی ۳۹۰۰ زیندانی سیاسی پەکەکە دەگرێتەوە

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی ڕایگەیاند لە کۆی ۴۸۰۰ کەس کە بە تاوانی ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان و بەشداری لە چالاکیی چەکداریدا زیندانی کراون ۳۹۰۰ زیندانیی سیاسیی پەکەکە له‌ جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە سوودمەند دەبن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرهات ئەرەن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە دیاربەکر دەڵێت: پڕۆژەیاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی ۳۹۰۰ زیندانی دەگرێتەوە، بەڵام ۹۰۰ زیندانی ناگرێتەوە بەهۆی سزادانیان بە زیندانیی هەتاهەتایی و تاوانباربوونیان بە کوشتنی هێزەکانی ئاسایش.

لەلایەکی دیکەوە ئیبراهیم ئاکن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئەنقەرە ئاماژەی بەوە کرد، یاساکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دۆخی ۷۵ هەزار کەس دەبێت.

رۆژی شەممە، ۰۸ـی ئابی ۲۰۲۶، پڕۆژەیاسای "بەهێزکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" کە بە پڕۆژەیاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی ناسراوە، لە لایەن لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیاوە پەسەند کرا.

پڕۆژەیاساکە ئەمڕۆ یەکشەمە دەچێتە کارنامەی پەرلەمانەوە و پێشبینی دەکرێت رۆژی دووشەممە، ۱۰ـی ئابی ۲۰۲۶، دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە یاسا.

بۆ جێبەجێکردنی یاساکە پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە پشتڕاست بکاتەوە، دوای بڵاوکردنەوەی یاساکە لە رۆژنامەی فەرمیدا، دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.

News ID 227681

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha