شاندی دەم پارتی سەردانی فیگەن یوکسەکداغ دەکات

شاندی دەم پارتی ئەمڕۆ سەردانی گرتووخانەی کاندرا لە کۆجائەلی دەکات و دیداری لەگەڵ هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی راگەیاندنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئەمڕۆ یەکشەممە، ۱۲ی کانوونی دووەمی ۲۰۲۵ بڵاوی کردەوە شاندی پارتەکە سەردانی فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەکات.

شاندەکە بڕیارە کاژێر ۱۳:۰۰ی دوای نیوەڕۆ سەردانی گرتووخانەی کاندرا لە پارێزگەی کۆجائەلیی تورکیا بکات و چاوی بە یوکسەکداغ بکەوێت.

شاندی دەم پارتی سەردانی فیگەن یوکسەکداغ دەکات

دوێنێ شاندەکە کە هاوشێوەی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی دیکە لە ئەحمەد تورک، پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر پێکهاتبوو، سەردانی دەمیرتاشی کرد.

سری سورەیا ئۆندەر رایگەیاند، تەندروستیی دەمیرتاش باشە و بە تەواوی پاڵپشتی لەو پرۆسەیە دەکات ئێستا هەیە.

ئۆندەر ئاماژەی بەوەش کرد، لە میدیاکانی تورکیادا هەوڵ بۆ چەواشەکاری و بەلارێدابردنی پرۆسەکە دەدرێت و گوتی، ئەو هەڵسوکەوتە خزمەت بە ئاشتی ناکات.

سەبارەت بە سەردانی دووەمی شاندەکە بۆ ئیمرالی، ئۆندەر گوتی: ''هێشتا دیار نییە، بەڵام پێمان وا نییە زۆر بخایەنێت".

ئەحمەد تورکیش گوتی: ''برایەتیی هەزار ساڵەی کورد و تورک مێژووییەکی دێرینی هەیە. لە دوایین سەت ساڵدا بینیمان ئەمە شێوێندرا. ئامانجی ئێمە، دووبارە باوەش بەیەکداکردنی دوو گەلە کە هەزاران ساڵە بەیەکەوە دەژین".

پەروین بوڵدانیش رایگەیاند: ''دەمانەوێت بڵێین، بە هەوڵ و پاڵپشتیی هەموو لایەکمان ئەم پرۆسەیە بۆ پرۆسەیەکی ئاشتی دەگۆڕدرێت".

دوای گەڕانەوەی شاندەکە لە گرتووخانەی ئەدیرنە، دەمیرتاش لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: ''سوپاسی شاندەکەمان دەکەم کە بە پەرۆشی و جیدییەکی زۆرەوە درێژە بە کارەکانیان دەدەن، هەروەها دەمەوێت بڵێم کە متمانە و پشتیوانیی تەواوم بۆ شاندەکەمان، دەم پارتیمان و بەتایبەتیش بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەیە کە لە دوورگەی گۆشەگیرکردنی ئیمرالییە و هەوڵی جیدی بۆ چارەسەریی دیموکراسی و ئاشتی دەدات".

فیگەن یوکسەکداغ و سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە لە ساڵی ۲۰۱۶وە لە زیندانن، لەنێو ئەو ۱۰۸ ئەندام و بەرپرسەی هەدەپەدان کە لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ دادگایی کران.

News Code 224700

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha