پێویستە پاڵپشتی لە ویست و هەنگاوەکانی ئۆجەلان بکرێت

پارتی هەرێمە دیموکراتەکان لە تورکیا دەڵێت: ''ئەو پرۆسە چارەسەرییەی ئۆجەلان پێشکێشی کردووە، لەم سەردەمەدا بایەخێکی مێژوویی هەیە''.

پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (DBP) لە تورکیا، رۆژی یەکشەممە، ۲۹-۱۲-۲۰۲۴، دوای کۆبوونەوەکەی شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە هەژماری ئێکس پەیامێکی لەبارەی ئەو گوتانەی کە ئۆجەلان لە دیدارەکەدا کردبووی، بڵاو کردەوە.

دەبەپە ئاماژەی بەوە کرد، لە ڕوانگەی چارەسەری پرسی کوردەوە بە سەردەمێکی مێژووییدا تێدەپەڕن و گوتی، ''ئەو دیدگە چارەسەرییەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشکێشی کردووە، لە سەردەمێکی وەهادا گرنگییەکی مێژوویی هەیە''.

ئەو پارتە ئاماژەی بە گوتەیەکی ئۆجەلان کرد کە دەڵێت، ''پێویستمان بە وەچەرخانێکی دیموکراسییە، رێگەچارە بۆ ئەمەش، چارەسەرکردنی پرسی کوردە بەشێوەیەکی ئاشتی و دیموکراسییانە".

دەبەپە هەر لەبارەی گوتەکانی ئۆجەلانەوە ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە پاڵپشتی لەو ویست و هەنگاوانەی ئۆجەلان بکرێت کە لەپێناوی پرۆسەی چارەسەریدا نیشانی دا.

دەبەپە لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسی، ''ئەم سەدەیە، دەتوانێت بەشێوەیەکی بەهێز ببێتە سەدەی سەربەخۆیی و دیموکراسی بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کوردستان و تورکیا. ئەرکی لەپێشینەی هەموومانە کە لەپێناو داهاتوویەکی سەربەخۆ و دیموکراسیدا، پارێزگاری لەم دەرفەتانە بکەین".

پارتی هەرێمە دیموکراتەکان، پارتێکی چەپە و لە ۱۱ـی تەممووزی ۲۰۱۴ دامەزرا. لە دوایین هەڵبژاردنی ۲۰۲۳ـی پەرلەمانی تورکیادا سێ کورسی بەدەستهێنا. چیدەم کڵچگون و کەسکین بایندر، هاوسەرۆکانی پارتەکەن.

News Code 224627

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha