ئەمریکا داوا لە لایەنەکانی هەرێم دەکات بەبێ دواخستن کار بۆ پێکهێنانی حکوومەت بکەن

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و رێکوپێک بەڕێوەچوو و داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات، دانوستاندن بکەن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێک کە نوێنەرایەتیی دەنگی خەڵک بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، خۆشحاڵن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەین پاش هەڵبژاردن بەبێ دواخستن کار بۆ پێکهێنانی حکوومەت بکەن.

جەختیشی کردوەتەوە، هەڵبژاردن بنەمایەکی گرنگی دیموکراسییە و پێویستە میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی رۆڵی خۆیان لە زیادکردنی هۆشیاریی خەڵک لەبارەی هەڵبژاردنەوە بگێڕن.

وتەبێژ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، داوایش لە لایەنە سیاسییەکان و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات لە توندوتیژیی دووربکەونەوە و رێز لە میدیا و رۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی بگرن.

ڤێدانت پاتێل وتیشی: پێمانوایە لەنێوان سەرۆکانی کوردی هەرێمی کوردستانی عێراق خاڵی زیاتر هەن کە یەکیانبخات تاوەکو دابەشیان بکات، لە بەرژەوەندی خەڵکیشدایە کە بەرەو پێشەوە بڕۆن و ئەو پرۆسەیە تێپەڕێنن و بە زووترین کات حکومەت پێکبهێنن.

لەبارەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە پاتێل ڕایگەیاند: پرۆسەکە بەبێ هیچ کێشە و رووداوێكی گەورە ئەنجامدرا، ئاگامان لە هەندێ راپۆرتە کە ئاماژەیان بە بوونی چەند کێشەیەکی تەکنیکی لە چەند ناوەندێكی دەنگدان دەکەن بەڵام دواجار و بە گشتی بە بۆچوونی  ئێمە دەنگدانەکە بەباشی کراوە.

News Code 224259

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha