بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندێکی دانوستکارانی پارتی بە سەرۆکایەتیی پشتیوان سادق و شاندی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتیی رێبوار ئەورەحمان کۆبوونەوە.
شاندەکەی پارتی پێکهاتبوون لە پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و دڵشاد شەهاب ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی. هاوکات شاندەکە لەلایەن ڕێبوار ئەورەحمان، کاوە عەبدولقادر و بەدریە ئیبراهیم، ئەندامانی شاندی دانوستانکاری نەوەی نوێ پێشوازیان لێکرا و گفتوگۆیان لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
هەر لە سلێمانی، بڕیارە دوای نەوەی نوێ شاندەکەی پارتی سەردانی یەکێتیی و چەند لایەنێکی تر بکات لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت. ئەمەش لەکاتێکدا، ڕۆژی ۷ـی ئەم مانگە، میدیای جووڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاندبوو، کە ئامادەن لە حکوومەتدا بەشداربن ئەگەر پۆستی سەرۆک وەزیران بەدەست نەوەی نوێوە بێت یان تەواوی پۆستەکانی سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان و ۲۳ وەزارەتەکە بەدەست ئەوانەوە بێت.
بەگوێرەی میدیای NRT نزیک لە نەوەی نوێ، بەپێی پرۆژەکەی نەوەی نوێ هەرلایەنێک سەرۆک وەزیران وەربگرێت تەواوی پۆستەکانی تر بۆ لایەنەکەی تر دەبێت.
نەوەی نوێ ڕاشیگەیاندبوو: ئێمە لەو لایەنانە نین کە بە سێ چوار وەزارەت رازی بین و بچینە حکوومەت و ئامانجی ئێمە گۆرانکارییە لە حکومرانی و خزمەتکردنی خەڵکە، هەروەها ئامانجمان کۆتاییهێنانە بەو شێوازە شکستخواردوەی حکومرانی پارتی و یەکێتی کە لە ڕابردوودا هەبووە.
ئەو سەردانەی شاندی پارتی لەگەڵ نەوەی نوێ و لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت، دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی سێشەممە ۲۶ـی تشرینی دووەمی ۲۰۲۴، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، کە سەرۆکایەتی هەرێم ڕۆژی یەکەمی دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاریکرد و گوتی: "ڕۆژی ۲ـی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۴، دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت".
Your Comment