مەترسییەکانی شەڕی میدیایی یەکێتی و پارتی

چەند ڕۆژێكە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان چوونە قۆناغێكی نوێی شەڕی میدیایی شەڕێک لەسەر ئاستی میدیا فەڕمی و سێبەرەكان، وتەبێژ و بەرپرسانی هەردوولا، لە پاڵ سەرچاوەی نادیاری هەردوولادا بەڕێوەدەچێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی شارپرێس لە ڕاپۆرتێکدا دەنووسێت: لەم هەڵمەتە میدیاییەدا یەكێتی نیشتمانیی كوردستان مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆكی پارتیان بە ئامانجگرتووە بەهۆكاری زۆرێک لە كێشەكانی نێوخۆی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێندراوەكانی دەزانن.

هەروەها یەكێتی هەڕەشەی وەرگرتنەوەی حكوومەت و شاری هەولێر لە پارتی دەكات لە هەڵبژاردنەكانی ئایندەدا.

لەبەرامبەردا پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر چەند ئاستێكەوە وەڵامی یەكێتی دەدەنەوە و وێڕای بەرگری لە مەسروور بارزانی، سووربوونی خۆشیان لەسەر رێگری لە هەر هەوڵێک بۆ دەرهێنانی هەولێر لەژێر دەستی پارتی بە دووپات دەكەنەوە و ئەوە بەخەون دەزانن.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە 31ی ئابی 1996 لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا و بەهاوكاریی حكوومەتی ئەو كاتی عێراق بەگرتنەوەی هەولێر كۆتاییان بە گووشارەكانی یەكێتی هێنا بۆ سەریان.

ئەم بابەتە لەگەڵ نزیكبوونەوە لەهەڵبژاردنەكاندا شەڕی مێدیایی پارتی و یەكێتی هێندەی دیكە توند كردووە.

ئەوەی چاودێرانی دۆخەكە لە هێرشەكانی یەكێتی و پارتی بۆ سەر یەكدی دەخوێننەوە بریتیە لە بوونی ناوەرۆكێكی زۆر تووندی دوور لە زمانی دیالۆگ و گفتوگۆ و كێبڕكێی سیاسی، بەڵكوو بەزمانی شەڕی ناوخۆ مامەڵە لەگەڵ یەكدی دەكەن و هێرش دەكەنەسەر سەركردەكانی یەكتر.

بەهۆی ئەم شەڕە میدیاییەوە بەگوێرەی زانیارییەكان كۆبوونەوەی ئەم هەفتەی ئەنجومەنی وەزیران هەڵوەشاوەتەوە.

لەكاتێكدا مووچەخۆران نزیكەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و چەندین كێشە لەگەڵ بەغدا سەریان هەڵداوە، حەشدی شەعبی هێرشی كردووە و سووپای توركیا لەشكركێشی بۆ ناوچەیەكی بەرفراوانی هەرێم كردووە و ناوچەیەكی زۆری دیكەش لەژێر بۆردوومانی فڕۆكەكانی توركیادان، ئێرانیش گووشارەكانی زیاتر كردووە بۆ داخستنی بنكەكانی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان و یەكێتی و پارتی بەم شەڕە میدیاییە ڕەوشەكە هێندەی دیكە ئاڵۆز دەكەن.

چاودێران پێیانوایە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و چوونە نێو بانگەشەی هەڵبژاردنەوە ئەم شەڕە گەرمتر دەبێت، لەم كاتەشدا هیچ رۆڵێک بۆ حیزبەكانی دیكە نامێنێتەوە لە بەڕێوەبردنی كێبڕكێی هەڵبژاردن و دروستبوونی مەترسی لەسەر پرۆسەكە.

 شرۆڤەكاران هۆشداریدەدەن بەردەوامی دان بەم شەڕە میدیاییە جگە لە دروستكردنی مەترسی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، مەترسی دیكەش بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكان و كۆی سیستمی حكومڕانی دروست دەكات، بەتایبەت كە ئەم دوو حیزبە خاوەن هێزی ئەمنی و چەكدارن و جۆرێک لە دووئیدارەیی هەیە.

شرۆڤەكاران دەڵێن لەسەر یەكێتی و پارتی پێویستە كە ڕەوشێكی لەبار بۆ بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن و پرۆسەكە بەشێوەیەكی دیموكراسی و دور لە توندوتیژی بڕەخسێنن وەک دوو لایەنی دەسەڵات، نەک پرۆسەكە بخەنە مەترسییەوە.

News Code 224027

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha