سه‌رۆک کۆماری عێراق مه‌رسوومی کۆماریی بۆ پارێزگاری نوێی کەرکووک ده‌رکرد

سه‌رۆک کۆماری عێراق، ئه‌مڕۆ مه‌رسوومی کۆماریی بۆ رێبوار ته‌ها ده‌رکرد و به‌فه‌رمیش وه‌ک پارێزگاری که‌رکووک ده‌ستبه‌کار ده‌بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ی مه‌رسوومی کۆماری که‌ واژۆی عه‌بدوللە‌تیف ڕه‌شید سه‌رۆک کۆماری عێراقی له‌سه‌ره‌ تێیدا هاتووه‌، به‌پشت به‌ستن به‌ ئه‌حکامه‌کانی به‌ندی حه‌وته‌م له‌ مادده‌ی ۷۳ی ده‌ستوور و به‌ندی یه‌که‌م له‌ مادده‌ی ۲۶ی یاسای پارێزگاکانی رێکنه‌خراو له ‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمێکدا ژماره‌ ۲۱ی ساڵی ۲۰۰۸ بڕیاردرا به‌ دامه‌زراندنی ڕێبوار ته‌ها مسته‌فا له‌ پۆستی پارێزگاری که‌رکووک.

هه‌ر به‌گوێره‌ی مه‌رسوومه‌که‌، ئه‌و بڕیاره‌ له ‌ئه‌مڕۆوه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت و له‌سه‌ر لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانیش پێویسته‌ وه‌کوو خۆی مه‌رسوومه‌که‌ جێبه‌جێ بکه‌ن.

شه‌وی شه‌ممه‌ی ڕابردوو، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی سونە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بەبێ پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لە هۆتێل ڕەشیدی شاری بەغدا کۆ بوونەوە و پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووکیان ڕاگەیاند و رێبوار ته‌ها وه‌ک پارێزگار و محه‌مه‌د حافز وه‌ک سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌ڵبژێردران.

لە کۆی ۱۶ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ۹ ئەندامی ئەنجومەنەکە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی ئوتێل ڕەشیدی شاری بەغدا کرد و نیسابی یاساییان تەواو کرد، ڕێبوار تەها لە فراکسیۆنی یەکێتی بە پارێزگار و ئیبراهیم تەمیمی بە جێگری پارێزگار، هەروەها محەمەد ئیبراهیم حافز بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.

ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه‌ پێشتریش دوو ئه‌ندامه‌که‌ی فراکسیۆنی پارتی له ‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و به‌شێک له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی که‌ خه‌میس خه‌نجه‌ر و ڕاکان جبووری سه‌رۆکایه‌تیان ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی به‌ره‌ی تورکمانی که‌ حه‌سه‌ن تۆران سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات، ناڕه‌زایه‌تیان به‌رامبه‌ربه ‌هه‌ڵبژاردنی پارێزگار له ‌کۆبوونه‌وه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک له‌ به‌غدا ده‌ربڕی و کۆبوونه‌وه‌که‌یان به ‌نایاسایی وه‌سف کرد.

News Code 223935

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha