ئەوەی لە ڕۆژی ۱۰ی ئاب لە هۆتێل ڕەشید کرا یاسایی نییە و گرفتی هەیە

وتەبێژی پارتی لە بارەی دانانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و دابەش کردنی پۆستە ئیدارەییەکان، رایگه‌یاند، ئەوەی لە ڕۆژی ۱۰ی ئاب لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا کراوە ناتوانێ ببێتە چارەسەرێکی دروست بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکانی شاری کەرکووک.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا بڵاویکرده‌وه: "سەبارەت بە گۆڕانکاری و دوا پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک، ئێمە هەر دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کەرکووک ئەو تێبینییەمان هەبوو کە ئەنجامەکان دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی کەرکووک نین، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کەرکووک و ڕەچاوکردنی دۆخی ئەو شارە و کۆی پڕۆسەی سیاسی چاوپۆشیمان کرد، لەوکاتەوە هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی لە کەرکووک هەموو لایەک بگەنە ئەنجام و چارەسەرێکی گونجاو، چوونکە دۆخی کەرکووک دۆخێکی ئیستسنائییە و چارەسەرەکەشی دەبێت چارەسەرێکی ئیستسنایی بێت و لە خزمەت بوژانەوە و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی خەڵکی ئەو شارەدا بێت".

وتەبێژی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، لەدرێژەی ئەو هەوڵانە، لەگەڵ لایەنە عەرەب و تورکمانەکان چەندین کۆبوونەوە ئەنجام دران، لە دوایین کۆبوونەوەدا لە ۴ی (ئاب/۸)ی ۲۰۲۴ لەگەڵ مه‌سعوود بارزانیدا کە سەرجەم نوێنەرانی عەرەب و تورکمان ئامادەی بوون، جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە چارەسەرەکان بە ئاڕاستەی ڕەچاوکردنی مافی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک و لە چوارچێوەی تەوافوق و کۆدەنگیی نیشتیمانیدا بێت و هەموو لایەک لەسەر ئەوە هاوڕابوون کە نابێ ئەزمونەکانی پێشوو دووبارە ببنەوە،  "ڕەئیی مه‌سعوود بارزانی ئەوە بوو کە بۆ دڵنیایی هەموو لایەک پارێزگارێکی کورد و بێلایەن دیاری بکرێت کە لە لایەن هەموو لایەنە براوەکان پەسەند بێت".

وتەبێژی پارتی باسی له‌وه‌ش کرد: "لەدرێژەی ڕاگۆڕینەوەکان و لە ئەنجامدا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کرا کە پارێزگاری کەرکووک بە شێوەی (پلاپی) بێت، ئەوە بوو هەر لایەک داوای دەکرد کە پێویستە بۆ یەکەم کەڕەت پارێزگار لە پێکهاتەی ئەوان بێت و مه‌سعوود بارزانی پێداگر بوو لەوەی کە دەبێت بۆ یەکەمجار پارێزگار کەسێکی کورد بێت، هەروەها داوای لێیان کرد ئەگەر بەو مەرجە ڕازی نین کە بۆ جاری یەکەم پارێزگار لە کوردێکی بێلایەن نەبێ ئەوە دەتوانن بچن لەگەڵ یەکێتیی ڕێک بکەون، کەچی هەر هەمویان ڕەتیان کردەوە لەگەڵ یەکێتی لەسەر دانانی پارێزگار ڕێک بکەون".

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو، "لەدوای ئەوە چەندین کۆبونەوەی دیکه‌ ئەنجام دران، هەرچەندە هەموجاریش نیسابی یاسایی بۆ دیاری کردنی پارێزگار تەواو بوو، بەڵام ڕەچاوی ڕۆڵی هەوڵ و نێوەندگیریەکانی سوودانی دەکرا چوونکە دۆسیەکە لەدەستی ئەودا بو و هەوڵێکی زۆری بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کەرکووک دابوو".

مەحموود محەمەد ده‌ڵێت: "ئەوەشی لە ڕۆژی ۱۰ی ئاب لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک بەبێی ئاگادارکردنەوەی هەموو لایەنەکان و لە غیابی نوێنەرانی تورکمان و بەشێک لە عەرەب و پارتی  کراوە، یاسایی نییە و گرفتی هەیە و لە سەر ڕێگەیەکی دروست نییە، پێمان وایە ئەوەی کراوە ناتوانێ ببێتە چارەسەرێکی دروست بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکانی شاری کەرکووک".

ناوبراو ڕوونیشی کردوه‌ته‌وه‌: "چارەسەرکردن و نەهێشتنی کێشەکانی ئەو شارە  و سارێژکردنی ژان و ئازارەکانی خەڵکی کەرکووک بە موزایەدات و عاتیفە و یاریی سیاسی ناکرێن، چارەسەر ئەوەیە تاکڕۆیی نەکرێت و هەوڵی پەراوێزخستنی لایەنەکان نەدرێت و هەمو لایەک بە نیازپاکییەوە و لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک لە بەڕێوەبردنی کەرکووکدا بەشدار بن".

News Code 223931

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha