وردەکاریی ڕێککەوتنەکەی کەرکووک

دامەزراوەی میدیایی درەو لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا ئاماژەی بە وردەکارییەکانی  ڕێککەوتنەکەی ڕۆژی ۱۰ی ئاب لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: مەسعوود بارزانی رێککەوتنی کردبوو ۴ مانگ پۆستی پارێزگاری کەرکووکی بەدەستەوە بێت، بافڵ تاڵەبانی بۆ ۲ ساڵ وەریگرتەوە، ئەمە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا کە پارتی و بەرەی تورکمانی و نیوەی عەرەبەکان تێیدا بەشدار نین، لەناو ئەم ئاڵۆزییەدا، بە بەهانەی ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی دیاری نەکردووە، تورکمانە شیعەکان نزیک لە ئێران دەیانەوێت پشکی بەرەی تورکمانی لە پۆستەکانی کەرکووک وەربگرن، کە جگە لە پۆستەکانی جێگری پارێزگار و جێگری سەرۆکی ئەنجومەن ۱۶ پۆستی تر لەخۆ دەگرێت و یەکێکیان پۆستی قایمقامی کەرکووکە. وردەکاری رێککەوتنی پرۆسەی پێکهێنانی دووەم حکوومەتی خۆجێی کەرکووک لەدوای کەوتنی سەددامەوە، لەم راپۆرتەدا.

پارێزگاری کەرکووک لە بەغداد هەڵبژێردرا

دوێنێ شەو، بەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانیی و نیوەی کوتلەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەنجومەن لە هۆتێل رەشیدی شاری بەغداد کۆبووەوەو پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاو جێگرەکانی هەڵبژارد.

لە کۆی ۱۶ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، ۹ ئەندام بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی بەغداد کرد کە بریتی بوون لە:

 ۵ ئەندامی یەکێتیی رێبوار تەها- ئەحمەد کەرکووکی- هۆشیار کاکەیی- نەشئەت جەوازات- پەروین فاتیح

 ۱ ئەندامی "کۆتا"ی مەسیحی ئەنجیل زیا شیبا کە سەربە رەیان کلدانی سەرۆکی بزوتنەوەی بابلیۆنەو هاوپەیمانی یەکێتییە.

  ۳ ئەندامی کوتلەی عەرەبی کە بریتی بوون لە هەریەکە لە رەعد ساڵح و محەمەد ئیبراهیم حافز لە هاوپەیمانی قیادەو زاهیر عاسی لە فراکسیۆنی عروبە.

بەم ژمارەیە، هاوپەیمانێتیی نێوان یەکێتیی و نیوەی کوتلەی عەرەبی و "کۆتا"ی مەسیحی توانی نیسابی سازدانی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا کۆبکاتەوە کە ۵۰+۱ بوو، لە کۆی ۱۶ ئەندام، بە ۹ ئەندامی ئەنجومەن نیسابی تەواوکردو دانیشتنەکەی بەڕێوەبرد.

لەبەرامبەردا بەتێکڕا ۷ کەس لە ئەندامانی ئەنجومەن بایکۆتی دانیشتنەکەیان کردو دانی پێدا نانێن، ئەوانەی بایکۆتیان کرد ئەمانەن:

•    فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان حەسەن ئەحمەد- شۆخان حەسیب

•    هاوپەیمانی عەرەبی راکان جبوری- سەلوا مەفرەجی- ئەحمەد حەمدانی

•    بەرەی تورکمانی ئەحمەد رەمزی- سەوسەن جەدوع

کەرکووک جارێکی تر بەگوێرەی یاسا، دۆخێکی تایبەتی پێدراوە، بڕگه‌ی چواره‌م له‌ مادده‌ی ۱۳ی یاسای ژماره‌ی ۴ی ساڵی ۲۰۲۳ هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان ده‌ڵێ:" ده‌سه‌ڵات به‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌ دابه‌شده‌کرێت، به‌جۆریک زامنی به‌شداری هه‌موو پێکهاته‌کان پارێزگای کەرکووک بکرێت، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن، بەپێی ئەم بڕگە یاساییە بەبێ بەشداری نوێنەرانی تورکمانیی نەدەبوو حکومەتی خۆجێی دروست بکرێت، بەڵام یەکێتیی بۆ بڕینی ئەم بەربەستە پەنای بۆ ئەوە بردووە پۆستەکانی تورکمان بە بەتاڵی بەجێبهێڵێت، سەرباری ئەمەش لە بەغدادەوە هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ئەم بڕگە یاساییە وا لێکبدرێتەوە بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە ئەنجومەنی پارێزگا بە واتای بەشداریکردن لە دەسەڵات نایەت، واتا ئەو تورکمانانەشی کە کوردسی ئەنجومەنیان نەبردووە دەتوانن بەناوی پێکهاتەی تورکمانەوە دانوستان بکەن و پشکی پێکهاتەی تورکمان لە پۆستەکانی ئیدارەی کەرکووک وەربگرن، ئەگەر ئەمە سەربگرێت، تورکمانە شیعەکانی نزیک لە ئێران گورزێکی بەهێز لە پێگەی تورکمانە نەتەوەییەکانی نزیک لە تورکیا دەدەن.

ڕاکان جبووری پارێزگاری پێشوو کە ئێستا ئەندامی ئەنجومەنە لەگەڵ حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی هەردووکیان هەڕەشەی ئەوە دەکەن رێکاری یاسایی دژی دانیشتنەکەی هۆتێل رەشید دەگرنە بەر، بەڵام پێناچێت سکاڵاکان کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەبێت، بەتایبەتیش لەکاتێکدا دانیشتنەکەی دوێنێ شەو لە سێبەری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و لە بەغداد لەبەرچاوی لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچووە.

بەیاننامەی ناڕەزایەتیی حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی دژی دانیشتنەکە

وردەکاریی ڕێککەوتنەکەی کەرکووک

 کورد و پارێزگار بە نۆرە !

لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ۱۸ی کانونی یەکەمی ۲۰۲۳، بۆ یەکەمجار تورکمان و دواتریش عەرەبەکان بیرۆکەی ئەوەیان هێنایە پێشەوە پۆستی پارێزگاری کەرکووک "بەنۆرە" لەنێوان پێکهاتەکان بەڕێوەببرێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەسەرەتای گفتوگۆکانەوە جەختی لەسەر ئەوە دەکرد پۆستی پارێزگار لای کورد بێت و "کوردێکی بێلایەن" دابنرێت، لەسەر ئەمە لەگەڵ یەکێتیی نەگەیشتە هیچ رێککەوتنێک، بەتایبەتیش لەکاتێکدا هەردوو حزبەکە لەناوخۆی هەرێمی کوردستان چەند ساڵێکە گفتوگۆی پێکەوەبوونیان راوەستاوەو قۆناغی "نە شەڕ نە ئاشتیی" بەرێدەکەن.

پارتی لە کۆتایدا لێکتێگەیشتنێکی لەگەڵ بەرەی تورکمانی کردو قایل بوو بەوەی پۆستی پارێزگار "بەنۆرە" بێت. سێ کەسی سەربە خەمیس خەنجەری سەرۆکی هاوپەیمانی سیادەی سوننەکانیش لە کوتلەی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەدواین ساتەکاندا هاتنە ناو ئەم رێککەوتنەوە، ئەم بەرەیە بە تێکڕا ۷ دەنگی ئەنجومەنی پارێزگای کۆکردەوە ۲ی پارتی+ ۲ی بەرەی تورکمانی+ ۳ی عەرەب، بەم ژمارەیەوە پارتی هەر لە بنەڕەتەوە نەیتوانی نیسابی سازدانی دانیشتنی ئەنجومەن تەواو بکات و رێککەوتنە سیاسییەکەی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە وردەکاری رێککەوتنەکەش تائێستا ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەوەی باس دەکرێت بارزانی لەرێگەی ئەم هاوپەیمانێتییەوە ویستویەتی پۆستی پارێزگار بەشێوەیەک دابەشکرێت ۴ مانگ جارێک لای پێکهاتەکانی ئەم بەرەیە بێت و دواتر رادەستی بەرەکەی تری بکرێت کە یەکێتیی سەرکردایەتیی دەکات، رەنگە بارزانی بەم هەنگاوە ویستبێتی چوار مانگی یەکەم پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت و بەمە لەڕووی میدیاییەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ۲۰ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، گورزێکی بەهێز لە یەکێتیی بدات لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی بارزانی و خەمیس خەنجەرو حەسەن تۆراندا، سایتی شەفەق نیوزی نزیک لە پارتی ئەم زانیارییەی پشتڕاست کردەوە.

لەبەرامبەردا، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کە براوەی یەکەمی دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بوو، سەرباری ئەوەی لە سەرەتاوە دژی ئەوە بوو پۆستی پارێزگار "بەنۆرە" بێت، بەڵام بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ نیوەی کوتلەی عەرەبی کردوویەتی، قایل بووە بەوەی تەنیا ۲ ساڵ پۆستی پارێزگاری بەدەستەوە بێت، رەنگە جیاوازییەکە تەنیا ئەوە بێت، لەم رێککەوتنەدا لەبری سێ پێکهاتە کورد+ عەرەب+ تورکمان پۆستی پارێزگار لەنێوان دوو پێکهاتە کورد+ عەرەب دابەش کراوە.

ئێستا ئیتر بەگوێرەی رێککەوتنەکە، رێبوار تەها لە فراکسیۆنی یەکێتیی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێردراوەو، چیتر لە ئەنجومەنی پارێزگا نابینرێت و چاوەڕوانی ئەوەیە لە سەرۆکایەتیی کۆمارەوە مەرسومی بۆ دەربکرێت و وەکو پارێزگار دەستبەکار ببێت، لە حاڵەتی رۆیشتنی رێبوار تەهادا، عەبدوڵا میروەیس لە لیستی یەکێتیی شوێنەکەی لە ئەنجومەنی پارێزگا پڕدەکاتەوە، میروەیس ۴ هەزارو ۷۸۹ دەنگی بەدەستهێناوە و زۆرترین دەنگی لیستی یەکێتیی هەیە.

عەبدوڵا میروەیس جێگرەوەی رێبوار تەها

وردەکاریی ڕێککەوتنەکەی کەرکووک

 

یەکێتیی لەم کاتەدا کە بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەنگاو دەنێت و لە کێبرکێیەکی سەختدایە لەگەڵ پارتی، بە یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە بەرژەوەندی خۆی، کارتێکی بەهێزی هەڵبژاردنی لەبەردەم لایەنگرو دەنگدەر هاوکاتیش نەیارە سیاسییەکانی ناوخۆیدا دەستکەوت، بەتایبەتیش لەکاتێکدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی حزبەکە لە ۲۰۱۷وە بانگەشەی گەڕاندنەوەی پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتیی دەکات، پۆستێک کە لە دوای رووداوەکانی ۱۶ی ئۆکتۆبەرەوە لەدەستیدابوو

پارتی و یەکێتیی کە لەدوای ۱۶ی ئۆکتۆبەرەوە ئیتر ئەگەری کارکردنی پێکەوەییان لە کەرکووک زۆر لاواز بوو، بەتایبەتیش لەکاتێکدا یەکێتیی لە تەموزی ۲۰۱۹دا، لە رێککەوتنی سیاسی خۆیدا لەگەڵ پارتی، وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووکی کرد بەمەرجی بەشداربوونی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دواتر پارتی پابەندی ئەم مەرجە نەبوو، تاوەکو لە کۆتایدا بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق و لە دوای خۆپیشاندانەکانی تشرینی ۲۰۱۹وە پەرلەمانی عێراق ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەڵوەشاندەوەو ئیتر هیچ چانسێک لەبەردەم یەکێتیدا نەما لەرێگەی زۆرینەی ئەنجومەنەوە پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووک دابنێت لە شوێنی نەجمەدین کەریم کە لەدوای ریفراندۆمی ۲۰۱۷ی سەربەخۆیی کوردستانەوە کەرکووکی بەرەو هەولێر بەجێهێشتبوو.

پارتی و یەکێتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە کەرکووک بە دوو لیستی جیاواز بەشدارییان کرد، یەکێتیی ۵ کورسی بردو براوەی یەکەمی هەڵبژاردن بوو، پارتی ۲ کورسی برد، بە هەردووکیانەوە وەکو نوێنەری پێکهاتەی کورد لە کۆی ۱۶ کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ۷ کورسییان برد.

پارتی و یەکێتیی وەکو دوو هێزی سەرەکی کورد لە کەرکووک، بە پەرتبوونیان، حزبە سیاسییەکانیان لە پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان بەسەر ناکۆکییەکانی خۆیاندا پەرت و دابەشکرد.

پشکی عەرەب لە ناکۆکی حەلبووسی و خەنجەردا

لەبەرامبەردا، بەپێی رێککەوتنەکە، محەمەد ئیبراهیم حافز لە هاوپەیمانی قیادە بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردرا.

قیادە هاوپەیمانێتییەک بوو کە بە سەرۆکایەتیی محەمەد تەمیمی وەزیری پلاندانان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک دروستکرا، هەریەکە لە حزبی تەقەدومی محه‌مه‌د حه‌لبوسی ‌و سیادەی خه‌میس خه‌نجه‌ری لەخۆدەگرت و، ۲ کورسی ئەنجومەنی پارێزگای بردەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی حەلبوسی و خەنجەرەوە، هاوپەیمانێتییەکە لەبەر یەک هەڵوەشا، خەنجەر کە هاوکات لە کەرکووک لەگەڵ هاوپەیمانی عەرەبی بەشداری هەڵبژاردنی کردبوو، بە سێ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکەوە خۆی گەیاندە لای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە پیرمام، حەلبوسیش دوێنێ شەو لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی چووە دانوستان، لەم نێوەندەدا محەمەد ئیبراهیم حافز کە لەنێوان هەردووکیاندا یاری دەکرد، ئیتر بەلای حەلبوسیدا شکایەوەو پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای وەرگرت.

محەمەد تەمیم کە سەرۆکایەتی هاوپەیمانی قیادەی دەکرد، ئەویش پۆستێکی بۆ براکەی خۆی زامن کرد، ئیبراهیم تەمیم بوو بە جێگری پارێزگاری کەرکووک بۆ کاروباری هونەریی.

ئیبراهیم تەمیم جێگری پارێزگار بۆ کاروبار هونەریی

 

وردەکاریی ڕێککەوتنەکەی کەرکووک

واتا ئەو عەرەبانەی کە بەشدارییان لە رێککەوتنە سیاسییەکەدا کردووە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی بریتین لە هەریەکە لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی حزبی تەقەدوم و محەمەد تەمیمی وەزیری پلاندانان، بەپێی رێککەوتنەکە، یەکێتیی نیشتمانی دوای دوو ساڵی تر دەبێت پۆستی پارێزگاری کەرکووک رادەستی ئەمان بکات و لەبەرامبەردا پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا وەربگرێت.

رێککەوتنی سیاسی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک دەریخست ئەوە تەنیا کورد نییە لە پارێزگایەکی هەستیاری وەکو کەرکووک کە ناوچەیەکی جێناکۆکە، هێزە سیاسییەکان ناکۆک و ناتەبان، بەڵکو عەرەبەکانیش ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان قوڵتر بووەتەوە.

تورکمان چی بەرکەوت؟

دەرەنجامی هەڵبژاردنی ۱۸ی کانونی یەکەمی ۲۰۲۳ وایکرد لە کەرکووک تەنیا بەرەی تورکمانی نوێنەرایەتی پێکهاتەی تورکمان بکات، ئەم پێکهاتەیە ۲ کورسی ئەنجومەنی پارێزگای بردەوە کە هەردوو کورسییەکە سەربە بەرەی تورکمانی بووە.

بەرەی تورکمانی تاکە هێزی سیاسی تورکمانە لە عێراق کە تورکیا وەکو دەوڵەت پشتیوانی دەکات، تاڕادەی دەستوەردان لە کاروبار ناوخۆییەکانی.

دەستوەردانی تورکیا، ئەمدواییە ئەرشەد ساڵحی ناچار کرد دەست لە پۆستی سەرۆکی بەرەکە بکێشێتەوەو حەسەن تۆران لە شوێنی ئەو ئەرکی سەرۆکایەتیی بەرەکە بگرێتە ئەستۆ. لەوکاتەوە لە پۆستی سەرۆکی بەرەی تورکمانی دورخراوەتەوە، ئەرشەد ساڵحی سەرۆکایەتیی کوتلەی تورکمانی دەکات لە پەرلەمانی عێراق و نیگەرانیی پێوە دەبینرێت.

حەسەن تۆران دوای لێکتێگەیشتنەکەی لەگەڵ پارتی، سەردانی پیرمامی کردو بارزانی بینی، پابەند بوو بە بەڵێنەکەی لەگەڵ پارتی، ئەمانە وەکو بەرەکەی تورکیا لە کەرکووک دەبینران، لەسەر ئەم بنەمایە تۆران دوێنێ نەیهێشت ئەندامەکانی بەرەکەی بەشداری لە کۆبوونەوەکەی بەغداد بکەن، بەڵام سەرباری ئەمەش بەرەکە زۆر تۆکمە دەرنەکەوت.

دوو ئەندامەکەی بەرەی تورکمانی لە ئەنجومەنی پارێزگا یەکێکیان سەوسەن عەبدولواحید جەدوع سەربە حەسەن تۆرانەو ئەوی تریان ئەحمەد رەمزی کۆپەرلو سەربە ئەرشەد ساڵحییە، ئەو ئەندامەی کە سەربە تۆران بوو دژی کۆبوونەوەکەی بەغداد راگەیەندراوی بڵاوکردەوە، بەڵام ئەوەی سەربە ئەرشەد ساڵحی بوو بێدەنگیی لێکرد.

لە پرسی کۆبوونەوەی دوێنێ شەوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکدا ناتەبایی ئەرشەد ساڵحی و حەسەن تۆران دەرکەوت، تۆران دژی کۆبوونەوەکەیەو هەڕەشەی سکاڵاکردن دەکات، ساڵحی کە بەوە ناسراوە بۆ هەموو شتێک بەیاننامە دەردەکات، تائێستا هیچی نەوتووە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی درەو، لەلایەن یەکێتییەوە هەوڵ هەبووە بۆ ئەوەی ئەندامەکەی سەربە ئەرشەد ساڵحی ببرێتە ناو کۆبوونەوەی دوێنێ شەوی ئەنجومەنی پارێزگاوە، بەڵام ئەم هەوڵە سەرکەوتوو نەبوو، پێدەچێت ئەرشەد ساڵحی نەیویستبێت لەم قۆناغەدا سەرچڵی بە چارەنوسی بەرەی تورکمانیی و پەیوەندییەکانییەوە بکات لەگەڵ تورکیا.

ئیتر بەهۆی ئەم دۆخەوە، بەبێ بەرەی تورکمانیی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک لە بەغدادەوە تێپەڕی، ئەوەی بۆ پێکهاتەی تورکمان بەجێهێڵدراوە بریتییە لە دوو پۆستی سەرەکی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا+ یەکێک لە جێگرەکانی پارێزگار، ئەگەر بەرەی تورکمانی پەیوەندی بە رێککەوتنەکەی یەکێتییەوە بکات، ئەم دوو پۆستە وەردەگرێت و دەکرێت لەسەر هەندێک پۆستی تریش لە کەرکووک دانوستان بکات.

بەڵام ئەگەر لەسەر هەڵوێستی خۆی سور بێت، یەکێتیی کە خۆی لەسەر بەرە ئێرانییەکەی عێراق ئەژمار دەکرێت، لەرێگەی بەغدادەوە پلانی بەدیلی ئامادە کردووە، ئەوەش پڕکردنەوەی پۆستەکانی تورکمانە لە کەرکووک لەلایەن ئەو تورکمانانەی کە شیعەن و وەلائیان بۆ مەزهەب لە هەستە نەتەوەییەکەیان بەرزترە.

غەریب عەسکەر تورکمانی کە یەکێک لە پەرلەمانتارە تورکمانەکانی عێراقە، دوێنێ ئەوەی ئاشکرا کرد کە بە نوێنەرایەتی تورکمان بەشداری لە کۆبوونەوە سیاسییەکان کردووەو لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنەی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک کراوە، ئەم پۆستانە بۆ پێکهاتەی تورکمان دانراوە:

•    جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا

•     جێگری پارێزگار

•    یاریدەدەری پارێزگار

•    راوێژکاری پارێزگار ۲ راوێژکار لە کۆی ۶ راوێژکار

•    راوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا

•    یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیس

•    بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کەرکووک

•    بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای کەرکووک

•    بەرێوەبەرایەتی رێگاوبان و پردەکان

•    بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کەرکووک

•    یاریدەدەری شارەوانی کەرکووک

•    یاریدەدەری شارەوانییەکانی کەرکووک

•    قائیمقامی قەزای ناوەندی کەرکووک

•    بەڕێوەبەری ناحیەی یایچی

•    بەڕێوەبەری ناحیەی تازە

•    بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان

•    سکرتێری لیژنەی ئەمنیی

•    بەرێوەبەرایەتی ژینگەی کەرکووک

 

وردەکاریی ڕێککەوتنەکەی کەرکووک

بەپێی قسەی غەریب عەسکەر، لەچوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی کە کراوە، پۆستەکانی کەرکووک لە بەش و فەرمانگەو پارێزگاو ئەنجومەنی پارێزگا بەرێژەی ۳۲% لە نێوان هەر سێ پێکهاتەکەدا دابەش دەکرێت.

ئەگەر ئەم رێککەوتنە ئیمزا کرابێت وەکوو ئەوەی غەریب عەسکەر بانگەوازی بۆ کردووە، دەردەکەوێت بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار، یەکێتیی پۆستی زۆری کەرکووکی بە لایەنە نزیک و دۆستەکانی ئێران بەخشیوە.

کورتەیەکی مێژوویی

له‌ یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی خۆجێی دوای که‌وتنی رژێمی پێشووی عێراقدا که‌ ساڵی ۲۰۰۵ به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای کەرکووک له‌ ۴۱ کورسی پێکهاتبوو، کورسییه‌کان به‌مشێوه‌یه‌ به‌سه‌ر پێکهاته‌کانی کەرکووکدا دابه‌شبوو بوو:

•    پێکهاته‌ی کورد: ۲۶ کورسی کورد ئه‌وکات به‌ لیستی برایه‌تی کەرکووک به‌شدار بوو که‌ زۆرینه‌ی حزبه‌ کوردییه‌کانی له‌خۆگرتبوو، له‌م هه‌ڵبژادنه‌دا کورد رێژه‌ی ۶۳%ی تێکڕای کورسی پارێزگای وه‌رگرتبوو.

•    پێکهاته‌ی تورکمان: ۹ کورسی به‌ره‌ی تورکمانی و هاوپه‌یمانی ئیسلامی تورکمانی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م کورسیانه‌یان ده‌کرد.

•    پێکهاته‌ی عه‌ره‌بی: ۶ کورسی گردبوونه‌وه‌ی عه‌ره‌بی و گردبوونه‌وه‌ی نیشتمانی عێراق نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م کورسیانه‌یان ده‌کرد

ساڵی ۲۰۰۵ له‌چوارچێوه‌ی رێککه‌وتنی حکومه‌تی خۆجێی کەرکووکدا کورد پۆستی پارێزگاری برد عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا پۆسته‌که‌ی وه‌رگرت، وه‌کو سه‌ربه‌خۆیه‌ک و به‌ نوێنه‌رایه‌تی پێکهاته‌ی کورد و دواتر جێگری پارێزگاری کەرکووک درا بە ڕاکان جبووری، پێکهاتەی تورکمان پۆستی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا وەری نەگرت، کورد ئەم پۆستەشی پڕکردەوەو رزگار عەلی  بووە سەرۆکی ئەنجومەن و رێبوار تاڵەبانی بە جێگری دانرا.

۱۹ ساڵ دوای یەکەم حکومەتی خۆجێی کەرکووک، دووەم حکوومەت دروست کرا، حکوومەتێک کە کورد تێیدا ئیتر ئەو پێگە بەهێزەی جارانی نییەو ژمارەی لە نوێنەرەکانی لە ئەنجومەنی پارێزگا لە رێژەی ۶۳%ی بۆ کەمتر لە ۵۰% دابەزیوە.

News Code 223934

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha