ناحەزان حەز دەکەن کورد لە کوژرانی سەرۆکی حەماس تێوەبگلێنن

بەشی ئێران- نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، تیرۆری ئیسماعیل هەنییەی بە "کارێکی زۆر خراپ، بە تایبەت لەم قۆناغەدا" ناوبرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەسەر ئەم پرسە بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە ناردنی درۆن بۆ ئێران دەکەن، ئەگەر درۆنەکە هی کوردستان بێت ئەم ورد پێکانە چۆن بووە؟ بێگومان بە جی پی ئێس دەبێت کرابێت. ناحەزانی کورد حەز دەکەن کورد تێوەگلێنن یان حزبەکان تێوە گلێنن لە هەر ڕووداوێکدا."

دەباغ وتیشی: "بە ڕای من ئێستا هاوکارییەکی باش لە نێوان حکوومەتی هەرێم و کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، ڕەنگە لە جاران زیاتر ڕاستییەکان ئاشکرا بێن بۆ هەردوولا. کورد ئێستا لە جاران ئارامترە و دڵنیایی دەدات کە بەشێکە لە پرۆسەی سیاسی عێراق، هەندێک برادەرمان دەڵێن شانازیش دەکەین کە عێراقین، واتە کورد ئەگەر مەترسی نەبێت بۆ سەر جوگرافیای عێراق یان هەر وڵاتێکی تر کە دابەشبووە بەسەریدا، دەتوانێت بەشی خۆی ئارامی بەدەستبهێنیت لەو چوارچیوە جوگرافییەی کە بۆی دابین کراوە."

نازم دەباغ وتیشی: "لە ڕووی سیاسیەوە کوشتنی هەنییە کارێکی زۆر خراپ بوو بە تایبەت لەم قۆناغەدا، چوونکە لە ئێستادا نزیک بوون لە ڕێكکەوتن لەگەڵ ئیسرائیل و نزیک بوون لە ئاشتی. کەواتە ئەم دەستانە ئەوانەن کە نایەنەوێت ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامبێت. دەبێت بە هەموو لایەک هەوڵ بدەن دەستەکانی پشت ئەمە ئاشکرا بکرێت."

ناوبراو وتیشی: "هەر پریشکێک لە ناوچەکە بێت کوردی بەسەزمان دەگرێتەوە...ئەم بارودۆخە لە هەموو جار زیاتر پێویستی بەوەیە کورد یەک خیتابی سیاسی هەبێت، یەکڕیز و یەک بڕیار و یەک توانا بێت، دەبێت کورد لەو جوگرافیایەدا خۆی ببینێت کە تێییدا دەژیت واتە لە عێراق عێراقی بێت لە ئێران ئێرانی و لە تورکیا تورکیایی بێت، چوونکە هەمووی تاقیکرایەوە نەگەشتین بە ئامانج".

News Code 223887

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha