کاردانەوەی سەربازیی ئێران زیانی ملیارها دۆلار لە ئەمریکا و ئیسرائیل ئەدات

بەهرۆز جەعفەر لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا باسی لە تیرۆر کردنی ئیسماعیل هەنییە و کاردانەوەی سەربازیی ئێران کرد و ڕایگەیاند: کاردانەوەی سەربازیی ئێران بە ملیاران دۆلار تێچووی بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا دەبێت.

کوردپرێس

بەهرۆز جەعفەر سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە هۆکارەکانی گرژیی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ڕایگەیاند: نەبوونی گرژی لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر هەموو ناوچەکە دەبێت. ئیسرائیل لەبواری مادی و مەتریاڵەوە زەرەر و زیانی زۆری بەرکەوتووە و ئێستا نەتەنیاهۆ بە کەسێکی شەڕئەنگێز لە ناوخۆ و لە جیهاندا ناسراوە.

بەهرۆز جەعفەر وتیشی: بابەتی دووهەم پرسی شەهید کردنی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماسە، ئەو یەکەمین سەرکردەی فەلەستینی نییە کە ئیسرائیل تیرۆری ئەکات. ئیسرائیل دەیان سەرکردەی فەلەستینیی لە چەند دەیەی ڕابردوودا تیرۆر کردووە. بۆیە من پێم وایە ئەگەر دۆخەگە سەقامگیر نەبێت ئەمریکا کاردانەوەی زۆر توندی لەڕێگای بەکار هێنانی هێزەوە ئەبێت. وەکوو ئەوەی کە ئێستا لە بنکەی سەربازیی K۱ لە عێراق ئامادەبووە لەدوای مانگی ۱۱ی زایینیەوە و دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەمریکا بەهێزی زیاترەوە دێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ناوبراو لەدرێژەدا ئاماژەی دا بە بواری مرۆیی شەڕی غەززە و بە کوردپرێسی وت: لە ڕاستیدا ئەگەر لە ڕووی ئینسانییەوە تەماشای ئەم بابەتە بکەین بەدەیان هەزار ژن و منداڵی فەلەستینی نەیتوانی ویژدانی مرۆڤایەتی بهەژێنێت ئەمە دەرخەری ئاماژەیەکی ترسناکی جیهانییە کە جیهان گەیشتووە بە لێوارێکی ترسناک لە سەردەمی تاک جەمسەریی ئەمریکادا. ئەمەش پرسیارێکە کە ئیدارەی ئەمریکا ئەبێت وەڵامی بداتەوە کە لە ڕووی بەها هاوبەشەکان و بەها مرۆییەکانەوە نەیتوانیوە وەڵامدەر بێت.

سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی لەبارەی کاردانەوەی گریمانەیی ئێران بۆ تیرۆر کردنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: لەبارەی کاردانەوەی ئێران بۆ پرسی تیرۆر کردنی ئیسماعیل هەنییە دەبێت بڵێم جیهان ئێستا پێی ناوەتە ناو جیهانێکی فرەجەمسەرەوە و هەڵکشانی هەژموونیی چین لە ناوچەکەدا دەبینین؛ لە ساڵی ۲۰۲۳ ئەم وڵاتە ۵۱۲ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا هەبووە بۆیە ئەمریکا بۆ بەرگرتن بە هەژموونیی چین من پێم وایە هێز بەکار ئەهێنێت لەدوای مانگی ۱۱وە. بەڵام بۆ کاردانەوەی ئێران: ڕاستە کە تا ئێستا ئیسرائیل ڕاینەگەیاندووە کە ئەو تیرۆرەی ئەنجام داوە بەڵام پرسیار ئەوەیە کە کێ تیرۆری کردووە؟ لە نەتیجەی کۆتاییدا هەر ئیسرائیل بەرپرسیار ئەبێت، بۆیە ئێران بۆ ئەم ئیحراجیە و بۆ ئەم دۆخە کە تێی کەوتووە ئەکرێت لە ڕێگەی حووسییەکان و حیزبوڵڵا و گرووپەکانی بەرەی مقاومەی ئیسلامییەوە وەڵام بداتەوە نە وەکوو ئێران وەکوو دەوڵەت بۆ جاری دووهەم بکەوێتە جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەویش وەڵام بداتەوە. ئەمە دۆخی ناوچەکە بەرەو گرژی دەبات و ئەمریکایش وەکوو خۆی بەئاشکرا ڕایگەیاندووە بەرگری لە ئیسرائیل دەکات.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: بەڵام ئەوەش بیرمان نەچێتەوە کە جاری پێشوو کە ئێران سەرووی ۳۰۰ مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی کە دەیان ملیار دۆلار لەسەر ئەمریکا و ئیسرائیل بکەوێت چوونکە توانای بەرگری کردن و توانای خستنەخوارەوەی مووشەکەکانی ئێران و بەرەی مقاومە لەسەر ئیسرائیل لەڕووی توانای داراییەوە زۆر زۆر ئەکەوێت، بۆیە ئەکید لەڕووی داراییەوە زیانی ملیارها دۆلار لە ئەمریکا و ئیسرائیل ئەدات ئەگەر ئێران بەڕاستەخۆ هێرش بکاتە سەر ئێسرائیل، جگە لەوەش بەهای پشکەکان لە بۆرسەی نیویۆرک و لەندەن و هەموو ناوچەکە بەرزی و نزمیی دەیبنێت.

News Code 223917

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha