سەرۆکی تورکیا بە توندی تیرۆری ئیسماعیل هەنییە ئیدانە دەکات

بەشی تورکیا- ڕەجەب تەییب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "تیرۆرکردنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئیسماعیل ھەنییە بەتوندی ئیدانە و شەرمەزار دەکەم".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەبارەت بە تیرۆرکردنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئیسماعیل هەنییە لە تارانی پایتەختی ئێران، سەرکۆماری تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی پەیامێکی بڵاو کردەوە.

ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: "ئەم تیرۆرکردنە نامەردییەکە بۆ تێکدانی دۆزی فەلەستین، بەرگریی شکۆمەندی غەززە و خەباتی ڕەوای برا فەلەستینییەکانمان و تێکدانی ورەی فەلەستینییەکان و ترساندنیانە".

هەروەها سەرکۆماری تورکیا ڕاشیگەیاند: "پێشتر ئامانجی هێرشە قێزونەکانی سەر شێخ ئەحمەد یاسین، عەبدولعەزیز رانتیسی و کەسایەتییەکی زۆری غەززەیی چی بووبێت، تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییەی براشم هەر ئەوەیە، بەڵام زایۆنیزمی بەربەری وەک چۆن تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە بە ئاواتەکانی بگات، دیسان ناتوانێت پێی بگات. پشتیوان بە خودا بە هەڵوێستی بەهێزتری جیهانی ئیسلامی و هاوپەیمانیی مرۆڤایەتیی، بەدڵنیاییەوە ئەو تیرۆرەی ئیسرائیل لە جوگرافیاکەماندا بڵاویکردووەتەوە بەتایبەتی ستەم و کۆمەڵکوژی سەر غەززە، کۆتایی پێدێت. لەبەرئەوە وەک تورکیا بە هەموو هێز و توانامانەوە بەردەوام دەبین لە تاقی کردنەوەی هەموو ڕێگاکان، لێدانی هەموو دەرگاکان و پشتیوانی کردنی خوشک و برایانی فەلەستینیمان.

درێژە بە هەوڵەکانمان دەدەین بۆ بنیاتنانەی دەوڵەتی ئازاد، خاوەن سەروەر و سەربەخۆی فەلەستین لە سەر بنەمای سنوورەکانی ١٩٦٧کە پایتەختەکەی قودسی ڕۆژهەڵات بێت. داوای لێخۆشبوون لە خودا بۆ ئیسماعیل هەنییەی برام دەکەم کە لە ئەنجامی هێرشی قێزەوندا شەهید بوو، داوای ئارامگریی لە خانەوادەکەی دەکەم و سەرەخۆشی لێدەکەم، سەرەخۆشی لە خوشک و برایانی غەززەی و فەلەستینیمان و جیهانی ئیسلامی دەکەم، خودا شەرەفمەند و شادی بکات بە بەهەشت".

News Code 223872

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha