دوای زیاتر له‌ سێ ده‌یه‌؛ تەنها ۱% ڕوفاتی ئەنفالکراوان گەڕێنراونەتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان ڕایگه‌یاند، هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێم خۆیان دەدزنەوە لە هەڵدانەوە و هێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان و جینۆسایدکراوان و تائێستا تەنها لە ۱% ڕوفاتی ئەنفالکراوان و کەمتر لە ۹% ڕوفاتی جینۆسایدکراوانی بارزانی گەڕێنراونەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا باسی له‌وه‌کردووه‌: "ڕۆژی ۱۶ ئایار، کە لە ساڵی ۲۰۰۷ـەوە بە ڕۆژی نیشتمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لەسەر ئاستی عێراق دیاریکراوە، ڕۆژێکە بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و هەڵوەستەکردن لەسەر تاوانەکانی جینۆساید، دوای ۱۷ ساڵ لە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە و هاوکات دوای ۲۱ ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعسی فاشیست، تائێستا پرسی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفالکراوان وجینۆسایدکراوانی کورد، یەکێکە لە پرسە پەراوێزخراوەکان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شکردووه‌، تائێستا نەتوانراوە تەنانەت لە ۱۰% ڕوفاتی قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کورد لە تاوانی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانییەکان و کوردانی فەیلی بگەڕێنرێتەوە بۆ خاکی نیشتمان، کە ڕوفاتی پیرۆزییان لە ژێر گڵی بیابانەکانی عێراقدا بڵاو بووه‌تەوە.

له‌ به‌یاننامه‌که‌دا هاتووه‌، "ئەگەر هەڵوەستە لەسەر ژمارەی ئەو ڕوفاتانە بکەین، کە هێنراونەتەوە بۆ خاکی نیشتمان، توشی سەرسوڕمان دەبین، که ناکاتە لە ۱% ڕوفاتی پیرۆزی قوربانیان".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، "بەپێی داتاکان، لە سەرجەمی عێراقدا، ۳۰۱ گۆڕی بە کۆمەڵ سەردەمی ڕژێمی بەعس دۆزراونەتەوە، کە لەو ژمارەیە زیاتر لە ۸۰% گۆڕی ڕوفاتی پیرۆزی جینۆسایدکراوانی کوردن، بەڵام تاهەنوکە تەنها ۱۲ گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوانی تاوانی ئەنفال و ۵ گۆڕی بە کۆمەڵی جینۆسایدکراوانی تاوانی جینۆسایدی بارزانیەکان هەڵدراوەنەتەوە".

هه‌روه‌ها هاتووه‌، لە کۆی ۱۸۲ هەزار جینۆسایدکراوی تاوانی ئەنفال و هه‌شت هه‌زار قوربانی جینۆساید بارزانییەکان و دەیان هەزار قوربانی جینۆسایدی کوردانی فەیلی، تائێستا ژمارەی ئەو ڕوفاتانەی هێنراونەتەوه‌.

له‌ به‌یاننامه‌که‌دا ڕوونکراوه‌ته‌وه‌، تەنها ۱۹۷۴ ڕوفاتی ئەنفالکراو گەڕێنراونەتەوە، کە دەکاتە تەنها لە ۱% ژمارەی ئەنفالکراوان، تەنها ڕوفاتی ۶۹۶ جینۆسایدکراوی جینۆسایدی بارزانیەکان گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌، کە دەکاتە کەمتر لە ۹% ژمارەی جینۆسایدکراوانی ئەو تاوانە، به‌ڵام نەتوانراوە نەک ڕوفات، بەڵکوو یەک گۆڕ یان شوێنی لە ناوبردنی قوربانیانی جینۆسایدی کوردانی فەیلی بدۆزرێتەوە.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "تائێستا نەتوانراوە یەک ڕوفاتی ئەنفالکراوانی ناوچەی بادینان بگەڕێنرێتەوە، کە بە ئەنفالی قۆناغی هەشت ناسراوە، "هاوکات تائێستا ناسینەوە بۆ ڕوفاتە گەڕێنراوەکان نەکراوە و تەنانەت هەڵمەتی سەرتاسەریش بۆ وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان وجینۆسایدکراوانی کورد ئەنجام نەدراوە، بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی NDA، جگە لە نزیکەی ۲۰۰ خێزانێک نەبێت، کە لە مانگی شوبات و ئازاری ڕابردوو سامپڵی خوێنیان لێی وەرگیراوە، بە ئامانجی ناسینەوەی ڕوفاتی ۱۷۲ ئەنفالکراو.

یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان ده‌شڵێت: "خۆدزینەوە لە پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و خۆدزینەوە لە وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە کەسوکاری قوربانیان بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی DNA، بەپێی یاسای نێودەوڵەتیەکان، دەچێتە چوارچێوەی تاوانی شاردنەوی زۆرەملێ".

News Code 223507

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha