کوردپرێس:
۳۶ەمین ساڵۆگەڕی کارەستی ئەنفال لە کاتێکدا تێپەڕبوو کە هێشتا ڕەهەندی فراوان و گرینگی هەیە کە کاری لەسەر نەکراوە و شایانی ئەوەیە بەدواداچوونی قووڵ و زانستیی بۆ بکرێت. سەرەڕای ئەوەی کە ۲۱ ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەسدا تێدەپەڕێت و کوردەکان لەم ماوەیەدا دەرفەتی سیاسی و دیپلۆماسیی زۆریان بۆ ناساندنی پرسی ژینۆسایدی کورد بە کۆمەڵگای جیهانی لەبەردەست بووە، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەوجۆرە کە پێویستە ئەم بابەتە لە کۆمەڵگا نێونەتەوەییەکاندا بناسێننو هەواڵدەریی کوردپرێس بەبۆنەی سی و شەشەمین ساڵۆگەڕی کارەسانی ئەنفالەوە کە ژینۆسادێکی ڕاستەقینە بوو لەدژی گەلی کورد لە عێراق و لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ئەنجام درا گفتوگۆیەکی لەگەڵ محەمەد حەمەساڵح تۆفێق پسپۆڕی بواری ژینۆساید ئەنجام داوە.
دەقی گفتوگۆی کوردپرێس لەگەڵ محەمەد حەمەساڵح تۆفێق:
کوردپرێس: وەکوو پسپۆڕێکی بواری ژینۆساید، بەڕای ئێوە تائێستا کورد توانیویەتی ئەو تاوانە گەورەیە کە دژبەخۆی کراوە بە جیهان بناسێنێت و چ کارێکی بۆکراوە لە ڕووی نێودەوڵەتی و هەروەها پسپۆڕی و زانستیەوە
محەمەد حەمەساڵح تۆفێق: پرسی ناساندنی ژینۆساید بەڕای من هەندێک ئاڵۆزە، ژینۆساید پرسێکە کە کۆن نابێت و ئەکرێت ئێستا و ۵۰ ساڵی دیکەیش کاری لەسەر بکەیت. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە کورد لەمبارەوە لەگەلێک سەرەوە تووشی ئاستەنگ بووە . ئێمە ئەگەر باس لە ژینۆسایدی کورد بکەین لەم بەشەی لە کوردستانی عێراق کە زیاتر لە کەیسی ئەنفال و بارزانییەکان و فەیلییەکاندا ڕەنگی دایەوە، دوای ئەو گۆڕانکارییەی کە لە ساڵی ۱۹۹۱دا کرا و دواتر لە ۲۰۰۳ پاش ئەوەی ڕژێمی عێراق بگۆڕدرێت، کۆمەڵێک ئاڵۆزی هاتۆتە پێشەوە لە مەسەلەی ناساندنی ژینۆسایددا.
یەکەم ئەو دەوڵەتەی کوردی ژینۆساید کرد بەتایبەتی لە ترۆپکیا کە لە ساڵی ۱۹۸۸ لە ئەنفالدا زیاتر خۆی بینیەوە و ئەڵبەت لە ۱۹۸۰ لە کوردە فەیلییەکان و لە ۱۹۸۳ لە بەرزانییەکان و دواتر لە ئەنفال و لە هەڵەبجەدا خۆی بینیەوە و دواتریش لە مەسەلەی ئێزدییەکاندا لە ۲۰۱۴ کە ئەوە لایەنێکی میلیشیا کردی کە ئەمە جیاوازە، ئەمانی تر دەوڵەتێک کردوویەتی.
دوای ساڵی ۲۰۰۳ ئەو گۆڕانەی کە لە عێراقدا هاتە ئاراوە ڕاستە گۆڕانەکە لە هەندێک ڕووەوە شکڵی بوو کار لەسەر ئەوە نەکرا کە مەسەلەیە بە جیددی وەرگیرێت ئەگەرچی دادگایەکی باڵا بۆ دادگایی کردنی سەرانی ڕژێم و تاوانکارانی مەسەلەی ژینۆساید بەڕێوەچوو بەڵام دواتر ڕاستییەکەی وانەکەوتەوە کە دڵی خەڵکیی پێئاو بخواتەوە بە ڕاستی لە هیچ ڕوویەکە وای لێنەکەوتەوە نەک هەر لە ڕووی دڵی خەڵکەوە. قوربانییەکان هەر وەکوو قوربانی مانەوە نە قەرەبووی مادی کرانەوە و نە قەرەبووی ڕۆحی و مەعنەوی کرانەوە و مەسەلەکان بە کۆڵێک لە ڕەهندەکانی ژینۆسایدەوە هەر وەکوو خۆی مایەوە.
ڕاستییەکەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کۆمەڵێک کەموکوڕی هەیە، عێراق ئێستا خۆی دەڵێت کە لە کاتی خۆیدا خەڵکی منیش کوژراوە و هەندێک جاریش هەندێک بۆچوون هەیە لە عێراقدا سەرباری گۆڕانی دەسەڵات. بەڵام لە هەندێک ڕووەوە جیاوازیەک ئەوتۆ نییە لەگەڵ دەسەڵاتی بەعسدا سەبارەت بەم مەسەلەیە.
لای کوردیشەوە ڕاسیەکەی وایە کە کوردخۆی لەگەلێک سەرەوە هەر کەمتەرخەمە و ئیدارەی کوردیش هەر کەمتەرخەمە. من ناڵێم هیچ نەکراوە هەوڵ دراوە بەڵام تائێستا مەسەلەی ژینۆساید نەچۆتە دەزگای نەتەوەیەکگرتووەکان و وەکوو دانپیانانێک؛ کە بەراوەردی بکەی بە ژینۆسایدی گەلانی تر ئەمەی کورد وانەکەوتۆتەوە. ڕاستە لەڕووی سۆزەوە هەموو میللەتانی دونیا سۆزیان لەگەڵمان هەیە بەڵام لەڕووی مەسەلەی یاسانێودەوڵەتییەکانەوە شتێکی ئەوتۆ نەچۆتە پێشەوە.
کوردپرێس: بژاردەی کورد بۆ ئەم بابەتە چییە؟ کورد چی ئەتوانێت بکات و ئەو هەنگاوە یاسایی و دەستوورییانە چین کە کورد دەتوانێت لە نەتەوەیەکگرتووەکان هەڵیبگرێت بۆ ئەوەی پرسی ژینۆساید بەتەواوی بناسێندرێت و کورد قەرەبوو بکرێتەوە یان لانیکەم بەهۆی ژینۆسایدەوە ئیمتیازاتێک وەربگرێت. لایەنی دەسەڵات لەم ڕووەوە دەتوانێت چی بکات؟
محەمەد حەمەساڵح تۆفێق: کورد گەلێک شتی لەبەردەستدایە کە کاری لەسەر بکات، بخڵام ئەمڕۆ دۆخی کورد وەکوو ئەڵێت ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر ئاڵۆز ئەبێت واتا تا ئەملای پینە ئەکات نایپەرژێتە سەر ئەولاکەی تر، لە مەسەلەی ئەنفالیشدا کەموکۆڕی زۆر هەیە هەر هیچ نەبێت دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق حوکمی ژینۆسایدی لە هەموو ڕەهەندەکانی ژینۆسایددا داوە لە ئەنفال و بارزانییەکان و هەڵەبجە و فەیلیەوە ئەمانە هەمووی حوکمی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی هەیە دەتوانرێت کار لەسەر ئەمە بکرێت لە پەرلەمانی عێراقەوە، لە پەرلەمانی کوردستانەوە هەروەها لە ئەو کەمە لۆبییەی کە هەیە لە وڵاتانی دەرەوە؛ کورد لەمەدا بەشێوەیەک لە شێوەکان کەمتەرخەوە و شتێکی ئەوتۆی پێناکرێت.
دووەمیش ئەمەیە کە ئەمڕۆ دونیای مافی مرۆڤ بووە بە دونیایەکی بەرژەوەندی، هەرکاتێک زلهێزەکانی دونیا بەرژەوەندییان وایخواست کە لە مەسەلەیەکدا ڕووناکی و تیشکی بخەنە سەر ئەوە دەبێتە مەسەلەیەکی هەڵاوساو و و کۆڵێک باسی لێوە دەکرێت. هەرکاتێکیش بەمجورە نەکەوتەوە بابەتەکە خەفە ئەکرێت. زلهێزەکانیش مەعلوومە لە ئەمڕۆدا کە مەبەستی من کێیە، زیاتر مەبەستم ئەمریکایە. ئەمریکا لەم مەسەلەیەدا ئەگەر مەسڵەحەتی ببێت لەمەدا وەکوو چۆن لە لێدانی ڕژێمی پێشووی عێراقدا مەسڵەحەتێکی هەبوو لە ڕوخاننیدا هەندێک مەسئەلەی هێنایە پێشەوە و بە مەسەلەی ژینۆسایدی کوردیشەوە و کۆمەڵێک شتی تر. بەڵام ئەمڕۆ مەسەلەی مافی مرۆڤ بەتایبەتی لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا بۆتە قوربانی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان. هەندێک جار بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان و باڵانس و هاوسەنگی ڕاگرتنەکانی عەلاقات یان پێوەندییەکانی هێز وا دەخوازن هەندێک مەسەلە خەفە بکرێت. زمنی ئەو مەوزووعانەی کە خەفە کراوە مافە بنەڕەتییەکانی کوردە کە ئێوەش ئاماژەتان پێدا، قەرەبوو کردنەوەی ڕۆحی و مادی خەڵکی کورد زۆر نایەتە پێشەوە.
زۆر جار لایەنی کوردیش زۆر گەرم نییە و شتی لاوەکیی تر دێتە پێشەوە و پێش مەوزووعی ژینۆساید دەکەوێت. ژینۆساید لای میللەتانی دونیا (ئەوانەی کە ژینۆساید کراون) بووە بە مەسەلەیەکی ئەساسی و گەلێک شتیان لەسەر بونیاد ناوە بەڵام بەداخەوە لای کورد وا نەکەوتۆتە و هۆکاریچ زۆرە بۆ ئەو مەسەلەیە ئێم ناتوانین لە یەک و دوو پرسدا کورتی بکەینەوە.
کوردپرێس: باسی وڵاتانی جیهانی بەتایبەت ئەمریکاتان کرد، دەمەوێت تەرکیز لەسەر وڵاتانی هەرێمی بکەین، لەڕووی مێژووییەوە وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەت ئێران چۆن مامەڵەی لەگەڵ پرسی ژینۆساید کردنی کورد کردووە لە کۆڕەوەی ۱۹۹۱ و لە هەڵەبجە و لە ئەنفال چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتانە کردووە؟ ئایا دەورێکی بینیوە لە بەهاناهاتنەوەی کوردەوە و بەگشتی ئایا کاریگەریی بوو؟
محەمەد حەمەساڵح تۆفێق: بە دڵنیاییەوە کاتێک کورد وەکوو میللەتێک لێی قەوما ئێران دەورێکی باڵای هەبووە، ملوێنێک زیاتر و ژمارەیەک زۆر ئاوارەی عێراق کە لە دۆخی جۆراوجۆر بەتایبەتی لەمەسەلەی ئەنفالدا و لە کاتی کۆڕەودا خەڵک ئەوەی لەبەرچاوە کە لە ئێاندا وەک دەوڵەت و وەک میللەت چۆن فریایان کەوتن. ئەمانە هیچیان لەبیر ناکرێن کە کاتی خۆی ڕۆڵیان هەبووە لە مەسەلەی هەڵەبجەدا کە خەڵکەکە لێی قەوما و بە دەیان هەزار کە خەڵک ئاوارە بوون و بەرەو وڵاتی ئێران پەنایان برد، هێشتا لەبیر نەکراوە.
ئەمە لەڕووی مرۆڤدۆستییەوە و یان لەڕووی ئایینیەوە بووە کە ئێران ڕۆڵی باشی بینی، بەڵام من ئەوە دەخوازم کە لەڕووی سیاسیشەوە دەوریان ببێت و پشتگیریەکمان ببێت لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە و دامودەزگای ئەو وڵاتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم مەسەلەیەی ئێمە زیاتر بچێتە پێشەوە و بەئاراستەی فشار کردن لەسەر عێراق وەکوو دەوڵەت بڕوات بۆ ئەوەی بەجدیتر لەم مەسەلەیەدا بێتە هێشەوە و قەرەبووی مادی و ڕۆحی خەڵکی زیانمەندی کورد بکاتەوە. نەک هەر کورد خەڵکی عێراق لەسەدەمی ڕژێمی بەعسدا گرفتاری ئەو ڕژێمە بوون کە هیچ کاتێک لە کوشت و بڕ درێغی نەکرد کەوایوو هەموو خەڵک بە کوردیشەوە لە عێراقدا گرفتاری دەردێک بوون. لە ئێستا کە ئێوە زیاتر عێراق عە وڵاتی نەوت و وڵاتی خورما دەناسن ئەبێت بەوڵاتی گۆڕی بەکۆمەڵیش بیناسین. گۆڕی بەکۆمەڵ چەند کوردی ئەنفالکرا و فەیلی و بارزانیی تێدایە ئەوندەش عەرەبی ناوەڕاست و باشووری عێراقی تێدایەکە بەرهەڵستی ڕژێمی پێشوویان کردووە.
من ناڵێم تۆڵەبکەینەوە، بەڵام پێویستیشە ئەو خەڵکانەی کە دەستیان لەو تاوانەدا بووە تۆ نەیانبەخشیت و بگەنە سزای ڕەوای خۆیان وەکوو ئەوانەی کە ئێستا خۆی بە هەزار جۆر گۆڕیەوە. من ناڵێم هەموو ئەوانەی دەستێکیان هەبووە لەم مەسەلەیەدا کشتوبڕ بکرێن بەڵام لەڕووی یاساوە دەبێت بگەنە سزای خۆیان. کە ئێران دەتوانێت لەم بابەتەدا دەور ببینێت وەکوو پێشتر کە وەکوو نەتەوە و وەکوو دەوڵەت دەوری خۆی بینیوە لە بەهاناواهاتنی خەڵک بەتایبەت خەڵکی کورد و دواتریش غەیری کورد. کە وایە ئێران دەتوانێت ئەو ڕۆڵە دۆستانەیە بۆ بەدەمەوەهاتن لەمەسەلەی مافیشەوە ببینێت.
ئێران دەوڵەتێکی گەورەیە هەر لە مێژوویشەوە کە پێشتر دراوسێی دەوڵەتی عوسمانی بووە کە عێراق دواتر لەو دەوڵەتە هاتەکایەوە. ئێران دەوڵەتێکی گەورە و کاریگەرە کە ئەتوانێت کاریگەریی زۆری هەبێت. ئێمە کورد چ لەڕووی هێزی سیاسییەوە چ لەڕووی خەڵکیشەوە و چ لەڕووی پێوەندییە لە مێژینەکانیشەوە کە ئێستاش هەیەتی ئەو تێکەڵ بوونەمان کە بەڕاستی بەشێک لە ئێمە لەوێیە و هەر لەڕووی ئەتنیکی و ئایینیشەوە هاوبەشین و ئێران دەتوانێت دەورێکی گەورە ببینێت. ئەو دەورە گەورەیەش بە دۆستایەتیی کورد ئەکرێت لەگەڵ ئێراندا. پێویستە دۆستایەتیەکی ڕاستەقینەی لەگەڵدا بکرێت و پێویستە ئێران لەپشت ئەم بەرژەوەندییانەوە بێت کە مسۆگەر بکرێت. ئێستاش چ وەک خەڵک و چ وەک دەوڵەت ئێران دەتوانێت ئەو دەورە ببینێت. ئەکرێت من ئەو دەورە لە چەند وشەیەکدا کورت بکەمەوە دۆستایەتی و پێوەندییەکان جۆراوجۆرن لە کە فەرهەنگین، مێژووی و ئایینین و لە ئێستادا بووە بە پێوەندیی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتر. وەکوو ئەڵێین نزیکترین دەوڵەت لە ئێمە کە ڕابردوویەکی هەیە لە هاوکاریی تۆدا دەشتوانێت لەڕێگای دۆستایەتییەوە و دامودەزگای حکوومەت لە ئێراندا قەناعەت بەوە بکەن کە ئەم میللەتە نزیکی تۆیە و کاتی خۆی وەکوو دەوڵەت و خەڵک فریای کەوتن، ئێستاش پێویستی بە فریاکەوتنە و پێویستی بە هەماهەنگی و هاناهاتنەوەیە و پێویستی بەوەیە کە مافەکانی ببینرێت.
Your Comment