هۆکاری درێژ کردنەوەی سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە

بەشی جیهان- گۆڤاری مۆنیتۆر دەنووسێت ئەو گوشارە ئابوورییە لەلایەن تورکیاوە خراوەتە سەر ناوچەی ژێر کونترۆڵی یەکێتیی نیشتمانی ،بۆ دوور خستنەوەی ئەو حزبەیە لە PKK.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تورکیا لە ئەیپرێڵی ۲۰۲۳وە ئاسمانی خۆی بە ڕووی ئەو فڕۆکەخانەی سلێمانیدا داخست و مۆڵەتیش نادات هیچ فڕۆکەیەک لە تورکیاوە گەشتی سلێمانی بکات.

تورکیا ڕایگەیاندووە هۆکاری ئەو هەنگاوەیان ئەوەیە کە گرووپە کوردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە، فڕۆکەخانەی سلێمانی بەکار دێنن. ئەڵمۆنیتۆر ساڵی پار ئاشکرای کرد کە مەزڵووم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە تورکیا بەدوژمنی خۆی ناوی دەبات، لەڕێگای فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە سەردانی ئیماراتی کردووە.

هەروەها تورکیا ساڵی ڕابردوو هێرشێکی درۆنیی کردە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و ئامانج لەو هێرشە تیرۆر کردنی مەزڵووم کۆبانی بوو.

چەند ڕۆژ پێش ئێستا هەندرێن هیوا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاشکرای کرد، ڕاگرتنی گەشتەکان لەنێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی سلێمانی تاوەکوو ۷ی مانگی ۱۲ی ئەمساڵ لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی تورکیاوە درێژکراوەتەوە؛ چاوەڕوان دەکرا پاش سەردانەکەی سەرکردە و بەرپرسانی باڵای تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان، ناکۆکییەکان لەنێوان تورکیا و دەسەڵاتدارانی سلێمانی کۆتایی پێبێت.

گۆڤاری مۆنیتۆر ئەمڕۆ ئاماژەی بە درێژکردنەوەی ڕاگرتنی گەشتەکانی تورکیا بۆ سلێمانی کرد و نووسیی: ئەم پرسە نیشان دەدات کە ناکۆکیی لەنێوان تورکیا و سەرکردە کوردەکانی سلێمانی لەسەر ئامادەبوونی گرووپە کوردەکانی نەیاری ئەنقەرە لەو پارێزگایە هێشتا بەردەوامە.

ئەم گۆڤارە جەختی کردەوە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بەرەو سلێمانی لەلایەن تورکیاوە  بە ئامانجی گوشاری ئابووری لەسەر ناوچەی ژێر کونترۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرکەوتوو بووە، چوونکە ئەو سزایانە بۆتە هۆی ئەوەی کە داهاتی سلێمانی لە ڕێگای فڕۆکەخانەکەیەوە ۲۰% دابەزین بەخۆیەوە ببینێت.

News Code 223652

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha