هەواڵی هەڵگرتنی سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دوورە لە ڕاستییەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پەرلەمانتارێکی یەکێتی لێدوانێک ڕەتدەکاتەوە کە میدیای فەرمی عێراق سەبارەی بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بەناویەوە بڵاویکردووەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژنامەی سەباحی عێراقی بڵاویکردەوە، لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، سەرکەتوو بوو لە هەوڵەکانی بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کە تورکیا بەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا سەپاندنوونی.

ڕۆژنامەکە لە زاری کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەکێتی و ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویکردبووەوە، لیژنەکە لە کاتی سەردانی باڵیۆزی تورکیا بۆ بەسڕە، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ باڵیۆز ئەنجامدا و تییدا توانی ئەو سزایانە هەڵبگرێت کە تورکیا بەسەر فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی سلێمانیدا سەپاندوونی.

بەڵام کاروان یاروەیس لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئەو لێدوانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، "ڕۆژنامەی سەباحی عێراقی لەژمارەی ئەمڕۆیدا لێدوانێکی بەناوی بەندەوە بڵاوکردۆتەوە گوایە ووتومە تورکیا سزاکانی سەر فرۆکەخانەی هەڵگرتووە، ئەم زانیاری و لێدوانە دوورە لەراستیەوە".

ڕۆژی ۳ی نیسانی ۲۰۲۳ هێڵی ئاسمانی تورکش ئێرلاینز گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگرت و پاشان تورکیاش بڕیاری دا ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی هەر فڕۆکەیەکدا دابخات کە بیەوێت گەشت بۆ سلیمانی بکات.

تورکیا بە پاساوی مەترسی ئەمنی و "دزەکردنی پەکەکە بۆ ناو فڕۆکەخانەی سلێمانی"، ئەو بڕیارەی دا.

ڕۆژی ۱۳ی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۳ش جارێکی دیکە تورکیا بڕیارەکەی بۆ ۲۲ی حوزەیرانی ئەمساڵ درێژکردەوە.

News Code 223102

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha