۱۹ی ئایار لە رۆژە پێشنیازکراوەکانە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، بەهۆی ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەن، پێویستە بە زووترین کات لەگەڵ پارتی کۆببنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''زۆر کەس پێیان وایە ۱۹-۰۵-۲۰۲۴ باشترین کاتە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان."

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ۆووداوی گوت، ''چەند وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن پێشنیازکراون و ئێستا ماوەتەوە سەر ئەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان کۆببێتەوە بۆ ئەوەی لەسەر وادەیەک رێکبکەون."

سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، زۆر کەس باسی ئەوە دەکات کە ۱۹-۰۵-۲۰۲۴ باشترین کاتە بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

گوتەبێژی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا بە مەبەستی کۆبوونەوە لەسەر دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هیچ بانگهێشتێکی فەرمی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە بۆ حیزبەکەی نەچووە.

لە ۷ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە و دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە، ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و ئاڵۆزییەکان هەرێمی کوردستان و عێراقیشیان گرتووەتەوە. سەعدی ئەحمەد پیرە لەوبارەوە گوتی، ''پێم وایە ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەن، وەک ناسەقامگیری، هێرشی مووشەکی و درۆنی، ئەوە دەخوازێت کە پێویستە بە زووترین کات پارتی و یەکێتی کۆببنەوە و مەلەفی ئەمنی کاری لەپێشینەمان بێت".

گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا لەگەڵ پارتی لە پەیوەندیدان تاوەکو رۆژێک بۆ کۆبوونەوە دیاری بکەن؛ گوتیشی، پێشێلکردنی سەروەریی هەرێمی کوردستان و عێراق بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانەوە بەشێک لە تەوەری گفتوگۆکانیان دەبێت.

لایەنە کوردستانییەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە ۱۸ـی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۳، بەڕێوەچوو، حەوت کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکەیان بەدەستهێنا. لە نەینەواش لایەنە کوردستانییەکان ۶ کورسی و لە دیالەش کورسییەکیان بردەوە. سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند، ''کۆبوونەوە بۆ دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک، سەلاحەدین و نەینەوا بە جیا دەکرێت و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش لەو کۆبوونەوانەدا بەشدار دەبن."

News Code 222957

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha