بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە شاری هەولێر پێشوازیكرد لە وەفدێكی یونامی كە پێكهاتبوو لە فڕانسیک ریڤلتۆ لاناو بەرپرسی نوێی نووسینگەی هەرێمایەتی یونامی لە هەرێمی کوردستان، عەزیز زەبوت، عەزیز بەرزنجی ڕاوێژکارانی سیاسی لە نوسینگەی هەرێمایەتی یونامی لە هەرێمی کوردستان .
لە کۆبوونەوەکەدا سەعدی ئەحمەد پیرە، ئاماژەی بە ڕۆڵی بەرچاوی نوسینگەی یونامی کرد لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەو هاوکاری و هەماهەنگیانەی لە بەرەو پێشەوە بردنی پرۆسەی سیاسی و بوارەکانی تری وەک مافی مرۆڤ و پشتیوانیکردنی دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان پێشکەشی دەکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە هەردوولا تاوتوێی بارودۆخی سیاسی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستانیان بەتایبەتی کرد، سەعدی ئەحمەد پیرە دوپاتیکردەوە كە یەكێتی خوازیاری سەقامگیری سیاسی و ئەمنیە لە ناوچەکە بەتایبەتیش خوازیاری زیاتر توند و تۆڵترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدایە بە ئاراستەی بەدەستخستنی زیاتری ماف و ئیمتیازاتەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
لەو بارەیە وەتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، بەو هیوایەن یۆنامی و نوێنەرانی وڵاتانی جیهان لە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە رۆڵ و کاریگەریان هەبێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا هاوکات بەو هیوایەن پارێزگاری لەو دۆستایەتی و هەماهەنگیە هەرێمی و نێودەوڵەتییە بکەن کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆستانیان لەسەرئاستی نێودەوڵەتی ساڵانێکە بنیادی ناوە بەتایبەتیش پاراستنی ناوبانگی هەرێمی کوردستان لە رێزگرتن لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ .
لەبەرامبەردا فڕانسیک ریڤلتۆ لاناو بەرپرسی نوێی نوسینگەی هەرێمایەتی یونامی لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، یۆنامی بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێشکەشکردنی هەر هاوکاری و ڕێنماییەک کە ببێتە مایەی زیاتر بەرەوپێش چونی پرۆسەی سیاسی و زیاتر لە یەکتر گەیشتنی لایەنەکان لەسەر کۆی ئەو بابەتانەی جێگای گفتوگۆکردنن.
Your Comment