بەبێ چاکسازیی سیاسی لە تورکیا، هیچ گرووپێکی دیکەی گەریلا چەکدانانێت

هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان دەڵێت: تاوەکو حکوومەتی تورکیا هەنگاوی یاسایی نەنێت، گرووپێکی دیکەی گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بۆ چەکدانان ڕاناسپێرن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە لە هەڤپەیڤینێکدا بە Stêrk TV راگەیاندووە: ئەگەر حکوومەتی تورکیا دەیەوێت پرۆسەی چارەسەری سەربگرێت، دەبێت لیژنەکەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان بە یاسا پێکبهێندرێت و هەروەها دەبێت گۆڕانکاری لە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بکرێت و زەوینەی ئازادیی کارکردنی بۆ دابین بکرێت.

هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە دەڵێت، ئەگەر گەریلاکانی پەکەکە لەو قۆناخەی ئێستا و بەبێ هیچ گەرەنتییەکی یاسایی بگەڕێنەوە تورکیا، ئەو کاتە "دەچنە زیندان و دادگەیی دەکرێن، تەنانەت ڕەنگە سزای قورسیش بدرێن، چونکە بەپێی یاساکانی ئەوان، ئەوانەی چەکیان هەڵگرتووە دووژمنن. سزای ئەمەش زۆر قورسە".

جەمیل بایک ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکوو حکوومەتی تورکیا هەنگاوی یاسایی نەنێت، "گرووپێکی دیکەی گەریلا بۆ چەکدانان راناسپێرین."

بڕیارە لە داهاتوودا لیژنەیەک بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت. جگە لە ئاکپارتی و مەهەپە، دەم پارتی و لایەنەکانی دیکە داوا دەکەن لیژنەکە بە یاسا پێکبهێنرێت؛ هاوسەرۆکی کەجەکە لەبارەی ئەو لیژنەیەوە ڕایگەیاند: "ئێمەش چەند جارێک ئاماژەمان بەوە کردووە کە پێویستە لیژنەکە بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی پێکبهێندرێ. ئەگەر بەشێوەیەکی یاسایی پێکنەهێندرێ، هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن ئەو لیژنەیە هەڵبوەشێننەوە."

بایک هەر لەمبارەیەوە وتی: "وەکوو ئەوەی ئێمە تێگەیشتووین، ئەو لیژنەیەی دەیانەوێت دایبمەزرێنن، تەنها بۆ چەکدانانی پەکەکەیە؛ ئەوانەی ساڵانێک لە شاخ بوون چییان کردووە، سزایان چی دەبێت؟ دەیانەوێت ئەمانە دیاری بکەن و بەپێی ئەوە هەندێک هەنگاو بنێن. ئامانجی ئەم لیژنەیە تەنیا چەکدانانە".

هاوسەرۆکی کەجەکە جەختی لەوە کردەوە، پرۆسەی چارەسەری تەنیا چەکدانان نییە و چەکدانان بەشێکە لە پرۆسەکە: "بەڵام دەوڵەتی تورکیا دەیەوێ تەنیا لەسەر بنەمای چەکدانان پرۆسەکە بەڕێوەببات. ئەوان پێیان وایە بەم شێوەیە هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن. بەڵام وا نییە".

جەمیل بایک ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری دامەزراندنی پەکەکە و چەکهەڵگرتنی ئەو پارتە دژی حکومەتی تورکیا "نکۆڵی کردن و قبووڵنەکردنی کورد و ناسنامەی کورد بووە".

هاوسەرۆکی کەجەکە وتیشی: بۆیە پێویستە پرسی کورد چارەسەر بکرێت و "بۆ ئەمەش، پێویستە دەوڵەتی تورکیا گۆڕانکاری لە یاسا، سیاسەت و هزریدا بکات. تەنیا بە پرسی چەک کێشەکە چارەسەر نابێت".

جەمیل بایک ڕاشیگەیاند: پێویستە حکوومەتی تورکیا هەنگاوی جیدی لەبارەی پرۆسەکەوە بنێت؛ گوتیشی، "ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بیەوێت فریومان بدات، بێچەکمان بکات، لاوازمان بکات و ئامانجەکانی خۆی بەرامبەر کورد بەدی بهێنێت، ئەوە ڕوونادات. پێویستە هەموو کەس لەمە تێبگات".

News ID 225775

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha