بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە هەڤپەیڤینێکدا ڕایگەیاند: پرۆسەی چارەسەری بە قۆناخێکی گرنگدا تێدەپەڕێت؛ باسی لەوەش کرد، "دەکرێت جاروبار پچڕان و ئاستەنگ ڕووبدات، بەڵام دەتوانرێت پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام بگەیێندرێت".
بوڵدان ئەوەیشی خستەڕوو، هیچ کاتێک بۆ تەواوبوونی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دیاری نەکراوە، "دیاری کردنیشی شتێکی دروست نییە، چونکە ناتوانین کێشەیەکی ۵۰ ساڵە لە دوو یان سێ مانگدا چارەسەر بکەین. پرۆسەکە هەرچەندە خێراتر بێت و هەنگاوی خێراتری بۆ بنرێت باشترە، بە هۆکاری ئەوەی دەتوانین رێگری لە تێکدانی بکەین".
ئەو گوتەیەی بوڵدان لە کاتێکدایە، عومەر چەلیک، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە ماوەی رابردوودا لە چەندین بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی و کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندووە، پێویستە "هەموو" گەریلاکانی پەکەکە لە چەند مانگێکدا چەکەکانیان دابنێن.
Your Comment