بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەخرەدین ئاڵتوون، لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە لەلایەن پەكەكەوە لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە: ڕاگەیاندنی بڕیاری دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، ئاماژەیێکی ڕوون بووە بۆ ئەوەی پڕۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی توركیا گەیشتوەتە قۆناغێکی گرنگ.
ئاماژەی بەوەش كرد، تورکیا باجی جۆراوجۆری داوە و تووشی سەختی بووە، لە هەمووی گرنگتر، نەوەكانی لە پێناو زێدی خۆیدا کردوەتە قوربانی تا دوای زیاتر لە ۴۰ ساڵ گەیشتوەتە ئەم خاڵە. شەهیدەكان لەیاد ناكەن، کە هەوڵی بێ ئەندازەیان داوە بۆ ئەوەی بگەیەنە ئەم ڕۆژە.
فەخرەدین ئاڵتوون جەختی کردەوە: بێگومان پڕۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" پرۆسەیێکی کورتخایەن نییە کە لە دوێنێوە دەستیپێكردبێت و زۆر بە خێرایی ئەمڕۆ و سبەی کۆتایی پێبێت. تورکیا بە هەموو زانیاری و توانا خۆیەوە بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ دامەزراندنی ژینگەیێک کە ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری تێیدا زاڵ بێت.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، ڕێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو پرۆسەیەی کە باسی لێوە دەکرێت بە شێوەیێکی تەندروست بەرەوپێش بچێت و هەموو هەنگاوەکان بە شێوەیێکی هەستیار و شەفاف و بە ئیرادە و وردبینی دەگیرێنەبەر.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەشڵێت: هیوادارم بانگەوازی "تورکیایێکی دوور لە تیرۆر"، سوودی بۆ وڵات و ناوچەکە هەبێت.
Your Comment