بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وتەبێژی حزبەکەی ئەردۆغان لە کاردانەوەیێکدا دەڵێت: بڕیاری پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و دانانی چەک لە وەڵامی بانگەوازەكەی ئیمرالی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر، ئەگەر تیرۆر بەتەواوی کۆتایی پێبێت، دەرگا بەڕووی سەردەمێکی نوێدا دەکرێتەوە.
ناوبراو دەشڵێت: ئەم بڕیارە دەبێت لەسەر زەمینی واقیع جێبەجێ بکرێت بە هەموو رەهەندەکانییەوە.
چیلیک دەشڵێت: جێبەجێ کردنی تەواو و بەرجەستەی بڕیاری "کۆتایهێنان" و "ڕادەستكردنی چەک" کە دەبێتە هۆی داخستنی سەرجەم لق و درێژکراوەو پەیكەرە نایاساییەکانی پارتی كرێكاران، خاڵی وەرچەرخان دەبێت.
ناوبراو ڕاشیگەیاندووە: ئەم پرۆسەیە بە وردی لەلایەن دامودەزگا حکومییەکانمانەوە چاودێری دەکرێت، ئەو قۆناغانەی پێی گەیشتوون دەخرێنە بەردەم سەرۆکەکەمان.
وتەبێژی پارتی داد و گەشە دەشڵێت: گەیشتن بە ئامانجی تورکیایێکی بێ تیرۆر بە شێوەیێکی بەرجەستە، دەبێتەهۆی ئەوەی تورکیا بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەرتر هەموو کەناڵە سیاسییەکان بەڕێوەببات، ئەوەش دیموکراسی و ژیانی سیاسی و یەکێتی نەتەوەییمان بەهێز دەکات.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: کاردەکرێت بۆ زامن كردنی كاری کەناڵەکانی دیالۆگی سیاسی بە بەهێزترین شێوە لە هەموو گۆڕەپانە سیاسییە شەرعییەکان، بەتایبەتی ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیادا.
Your Comment