بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنەکەسە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەی بە "هەنگاوێکی گرنگ و دەستکەوتێکی سیاسی کە ڕەنگدانەوەی خواستەکانی گەلی کوردمانە لە سووریا" ناو بردووە.
لە ڕاگەیەنراوکەدا هاتووە: "ئەم دەستکەوتە، لە ئەنجامی دەربڕینی ئیرادەی گەلی کورد و هەوڵە ماندوونەناسەکانی تێکۆشەرە دڵسۆزەکانی و بە پشتیوانیی بەخشندەی برایان و دۆستان بە تایبەتی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی و جەنەراڵی برا مەزڵووم عەبدی هاتە ئاراوە."
ئەنەکەسە هیواش دەخوازێت: "ئەم کۆنفرانسە ببێتە خاڵی وەرچەرخان بەرەو قۆناغێکی نوێی هاوکاریی بنیاتنەر لە نێوان پارتەکانی بزووتنەوەی سیاسی کورد و بەهێزکردنی متمانە لەگەڵ جەماوەر و کردنەوەی ئاسۆی فراوانتر بۆ پەیوەندییە نیشتمانییە پتەوەکان لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا."
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دووپاتی کردووەتەوە: "یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستی کورد پێویستییەکی بەپەلەی نەتەوەیییە و هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە هاوبەشی ڕاستەقینە لە داڕشتنی داهاتووی سووریایێکی دیموکرات و گشتگیر کە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان لەخۆ بگرێت."
Your Comment