بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل ئەمشەو پەیامێكی ئاراستەی مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد كرد و تێدای دەڵێت: پڕ بە دڵ پیرۆزبایی بەستن و سەرکەوتنى کۆنفرانسى یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستى کوردتان لێدەکەم.
ئاماژەی بەوەش كرد: ئێوە ئەو تێگەیشتنەتان واوەژو کردەوە کە چەندین دەیەیە رۆچوەتە نێو میشک و هزرى یەک بە یەکمان و تەنانەت دۆستەکانیشمانەوە کە پێیانوایە "میللەتى کورد قەت نابنە برا"، بەڵام ئێوە وتتان، دەتوانین برا بین و پشتوپەناى یەکدى بین.
لاهوور شێخ جەنگی باسی لەوەش كرد، هەڤاڵى بەڕێز، دڵنیام ئەم سەرکەوتنەتان درێژکراوەى سەرکەوتنەکانى ۱۴ ساڵى ڕابردووە، ئێوە وەک چۆن لە مەیدانى شەڕى گەورەترین رێکخراوى تیرۆریستى جیهانیی سەلمانتان بێوێنەن لە خەبات و قوربانیدان و تا ئێستا بە خوێن و فرمێسک ئەزموونەکەتان پاراستووە، بەم هەنگاوەى ئێستاشتان کە دەستى ئاشتى و مەردایەتیان بۆ سەرجەم لایەنە کوردییەکان درێژکردوە، دەتوانن پایەکانى ئەزمونەکە تۆکمەتر بکەن و وێنایەکى جوانى نەتەوەى کورد پیشانى هەموو جیهان بدەن.
شێخ جەنگی ئەوەشی خستەڕوو: "شانازیی دەکەم وەک چۆن دە ساڵ لەمەوبەر کۆبانێمان بەتەنیا بەجێنەهێشت و هاوكار بووين بۆ کردنەوەی دەرگا داخراوەکان بەڕووی ڕۆژاوا، ئێستاش بە هەمان گیانى نەتەوەییەوە بۆ ئەوەى ئەم کاروانە ئاشتى و برایەتییە بگاتە دوامەنزڵ، هەرچییەکمان لە دەستبێت درێغى ناکەین، لە ماوەکانى ڕابردوودا کارمان لەسەر لێکنزیکبوونەوە و تواندنەوەى بەستەڵەکى نێوان لایەنە کوردییەکان کردووە و ئێستاش کار بۆ بەهێزترکردنى دەکەین".
لاهور شێخ جەنگی دەشڵێت: "لەسەر ئاستى نێودەوڵەتی و لاى وڵاتانى دۆست و هاوپەیمانانیش، بەردەوامین لە کۆکردنەوەى پشتیوانى زیاتر تاوەکوو لەم قۆناغە نوێیەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، دەستکەوتەکانى نەتەوەکەمان پارێزراوبن و تۆکەمتریان بکەین".
Your Comment