پێویستە لە سووریای نوێدا مافەکانی کورد دابین بکرێن

کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد بە ئامادەبوونی نزیکەی ۴۰۰ ئەندام و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان دەستیپێکرد و مەزڵووم عەبدی جەخت دەکاتەوە ئه‌م كۆنفرانسه‌ بۆ دابه‌ش كردنی سووریا نیه‌ و به‌ڵكوو داوا ده‌كه‌ین و ده‌بێت مافی كورد له‌ سووریا جێگیر بكرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە گوتاری کۆنفراسەکەدا ڕایگەیاند: "ماوەی ۱۴ ساڵە لە شەڕێکداین کە تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە. بۆ پاراستنی گەلەکەمان و ئەم هەرێمە، شەڕێکی سەخت کرا. لەم شەڕەدا نزیکەی ۱۳ هەزار کچ و کوڕی ئێمە شەهید بوون و نزیکەی سێ هەزاری دیکەش بریندار بوون. هیوای سەلامەتی بۆ برینداران دەخوازین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدە قارەمانەکانمان دادەنوێنین و ئەم کۆنفرانسە دەکەینە دیاری بۆ شەهیدانمان."

 عەبدی ئاماژەی بەوە دا بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە بڕیارێکی لە ناکاو نەبووە، بەڵکوو ئەنجامی هەوڵدان، کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکی دوورودرێژی لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە سووریا بووە.

ناوبراو وتیشی: زۆر سیاسەتمەدار و لایەنی سیاسی هەوڵی یەکخستنی هەڵوێستی کوردییان داوە و یارمەتی ئێمەیان داوە سوپاسی مەسعوود بارزانی و کەجەکە و هەر یەکە لە نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانیی کرد و وتی: ڕۆڵیان هەبوو و سوپاسیان دەکەین."

فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی کردەوە ئامانجی کۆنفرانسەکە "بۆ پارچەکردنی سووریا نییە، بە پێچەوانەوە لە پێناو یەکێتیی خاکی سووریایە. جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، ئێمە لەگەڵ یەکێتیی خاکی سووریاداین. جەخت لەوە دەکەینەوە، یەکێتیی کوردان، یەکێتیی سووریایە، بەهێزی کوردیش، بەهێزی سووریایە."

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەش دا "زۆر نەتەوە، ئایین و پێکهاتە لە سووریا دەژین، بۆیە پێویستە لە سووریای نوێدا دەستوورێک دابنرێت، نامەرکەزی بێت و مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان بپارێزێت. جارێکی دیکە دەیڵێینەوە، پێویستیمان بە سووریایەکی نوێی دیموکرات و نامەرکەزی هەیە. ماوەی زیاتر لە ۱۲ ساڵە، کورد، عەرەب، ئاشووری، ئەرمەن و چەندان پێکهاتەی دیکە بە ئاشتییانە پێکەوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژین، پێکەوە شەڕی تیرۆرمان کردووە و پێکەوە مێژوومان نووسیوەتەوە. یەکێک لە کارە پێشینەکەمان، پاراستنی ئەم دەستکەوتنایە. ئامانجامانە لە سووریای نوێدا، ئەم هەرێمەمان، جێگەی خۆی بگرێت، چونکە چەندان ساڵ لە لایەن ڕژێمی پێشووەوە پشتگوێ خرا.

مەزڵووم عەبدی ڕاشیگەیاند: "بە درێژایی مێژوو، گەلی کورد لە سووریا پشتگوێ خراوە، ستەمی لێ کراوە و هەوڵی بنبڕکردنی دراوە. بەردەوام لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی و سیاسی سووریادا بووە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، گەلی کورد سەلماندوویەتی، لە هەموو نەتەوەکانی دیکە، هەوڵی پاراستنی یەکێتیی خاکی سووریای داوە. بۆیە پێویستە لە سووریای نوێدا، مافەکانی گەلی کورد دابین بکرێن و لە دەستووردا بنووسرێنەوە، ئەمە ئامانجی سەرەکیمانە."

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەش دا: "لەم کۆنفرانسەدا لایەنە سیاسییە کوردییەکان پێکەوە دانوستان دەکەن لەسەر ئامادەکردنی ڕەشنووسێک و پێکهێنانی شاندێکی هاوبەش بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق، بۆ دابینکردنی مافەکانی کورد لە سووریای نوێدا".

News Code 225302

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha