بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەیسەڵ یوسف، وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە لاپەڕەکەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە: "۲۶ـی نیسان ئەو ڕۆژەیە کە یەکڕیزی و پێگەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەبیندرێت، ئەمەش لووتکەی خەباتی درێژ و سەختە بۆ پتەو کردنی شەراکەتی نیشتمانی لە سووریای داهاتوودا بە یەکگرتوویی هەڵوێستی کورد".
وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد دەشڵێت: "شەرەفمەندین نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی دکتۆر حەمید دەربەندی ڕۆژی ۲۶ـی نیسان بەشداریی کارەکانی کۆنفرانس دەکات".
ئەمەش پشتیوانییەکی مەعنەوی گەورەیە بۆ کارەکانی کۆنفرانسەکە کە پشتیوانی لە یەکێتی کورد دەکات.
فەیسەڵ یووسف ئاماژەی بەوە کردووە، ناکرێ ڕۆڵی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ ئامادەکردنی کۆنفرانسەکە و سەرخستنی و یەکخستنی گوتاری کوردی لەبیر بکەن.
وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد دەڵێت: ڕۆژی ۲۶ـی نیسان دەبێتە وێستگەیێکی مێژوویی لە بیرەوەری کورد، چونکە بەرەو یەکخستنی کوردە لەپێناو بونیاتنانی سووریایەکی دیموکرات کە باوەش بۆ هەمووان بکاتەوە.
Your Comment