بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا لە ئیستەنبووڵ وەکوو وەڵامێک بۆ پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاند: ''یەکێک لە گەورەترین بەربەستی وڵاتەکەمان، بەڵای تیرۆر بوو. لە تاقیکردنەوەی ۴۰ ساڵەی تیرۆردا تووشی زۆر زەحمەتی بووین؛ تیرۆر بە تەنیا یەکپارچەیی و سەقامگیریی وڵاتەکەمانی نەکردە ئامانج، بەڵکوو دیموکراسی، ئابووری و سیاسەتی مەدەنی وڵاتەکەمانی کردە ئامانج".
ئەردۆغان وتیشی: ''هەڕەشەی تیرۆر، بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر، بۆ گۆڕینی ئاراستەی سیاسەت و بە ئامانج گرتنی سیسەتڤانان وەک کوتەکێک لە وڵاتەکەمان بەکارهات. ئێمە زیاتر لە ۲۲ ساڵی دەسەڵاتمان، هەرگیز نەکەوتینە نێو ئەو تەڵەیەوە. هەمیشە پارێزگاریمان لە هاوسەنگی ئازادی و ئاسایش کرد".
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، هەموو کاتێک پەیوەندیی برایەتییان لەگەڵ کورد بەهێز کردووە و ''ئەو هەوڵەی بە دەستپێشخەرییە بوێرانەکەی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی و هەڵوێستی رژدی ئێمە لە پێناو تورکیایێکی بێ تیرۆر دامان، لە دوێنێوە چووەتە قۆناخێکی نوێوە".
سەرۆککۆماری تورکیا هەر لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان وتی: ''بۆ ڕووخاندنی ئەو دیوارەی لەنێوان برایەتیی هەزار ساڵەمان دروستکراوە، هەلێکی مێژووییمان لەبەردەمدایە".
ئەردۆغان سەبارەت بە داهاتووی پرۆسەی چارەسەری ئاماژەی بەوە کرد: ''تورک، کورد و هەر تاکێکی ئەم گەلە، هەرگیز لەوانە خۆشنابن کە دەیانەوێت هاوشێوەی ئەوەی لە رابردوو روویدا، گوتە و کرداری گوماناوی، وەک بەربەست بخەنە بەردەم پرۆسەکە".
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: ''بێگومان کەسانێک پەیدا دەبن کە نایانەوێت ئەو کێشەیەی بۆ برایەتیی هەزار ساڵەمان بووەتە ژەهر، بەشێوەیێکی هەمیشەیی و بنبڕکراو چارەسەر بکرێت. بۆیە هەموو جۆرە رێکارێکی ورد بۆ هەر هەوڵێکی تێکدەرانە دەگرینەبەر. کاتێک گوشاری چەک و تیرۆر کۆتاییهات، زەوینەی سیاسەت و دیموکراسی فراوان دەبێت".
ئەردۆغان باسی لەوەش کرد، ''با گەلەکەمان بزانێت ۸۵ ملیۆن هاووڵاتی، بە تورک، کورد، عەرەب، عەلەوی، سوننە و ئۆپۆزیسیۆن براوەی تورکیایێکی بێ تیرۆر دەبن. ئێمە بەتەواوی باوەڕمانە ئەمە دەڵێین''.
Your Comment