بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری فریدۆم نیووز لە ڕاپۆرتێکدا کە لەبارەی گۆڕینی دەسەڵات لە سووریا نووسیویەتی باس لەوە دەکات: شەڕی سووریا پاش ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و لەئێستادا دوورنواڕێکی ڕوون بۆ چارەسەری کێشەکان بوونی نییە. گرووپی تەحریری شام کە پێشتر گرووپێکی جیهادی بوو کونترۆڵی دیمەشق و بەشی سەرەکیی دامودەزگا حکوومییەکانی سووریای بەدەستەوەیە. لەم نێوانەشدا کەمینە جیاوازەکانی سووریا بەرەبەرە دەچنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی نوێی سووریاوە بەڵام لە باکووری سووریا شەڕی نێوان هێزەکانی سەر بە تورکیا واتا سوپای نیشتمانیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات کە هێزێکی فرەنەتەوەییە و زۆرینەیان کوردن، هەر بەردەوامە.
لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا تورکیا و سوپای نیشتمانیی سووریا هەوڵیان داوە کە ئاوی ناوچە ستراتێزییەکانی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا ببڕن بەوەش گوشار بخەنە سەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە.
بەئاوڕدانەوەی لەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا هەردوو ئەندانی ناتۆن، ڕوودانی شەڕی بەوەکالەتی بەربڵاو ئەستەمە. بەڵام ڕەنگە ناوچەکە شایەتحاڵی شێوەیێک لە دابەش کردنی درێژخایەن لەنێوان ئەم دوو باڵەدا بێت و ڕژێمی نوێی سووریاش هەوڵ دەدات لەنێوان بەرژەوەندییەکانی تورکیا، سعوودیا و وڵاتانی ڕۆژئاوادا هاوسەنگی دروست بکات.
خراپترین سیناریۆش ئەوەیە دۆناڵد ترەمپ کۆتایی بە پشتگیری کردنی هەسەدە بێنێت. لەم ڕووەشەوە خەڵکی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردەکان یان قبووڵ دەکەن کە تێکەڵ بە دەسەڵاتی نوێی سووریا ببن و لەژێر دەسەڵاتی هێزێکی ئیسلامیدا بن یان ئەوەی کە بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی سووریا لەناو دەچن. بەهەر دوو شێوە گوشار بۆسەر هێزە کوردەکان بۆ وەلانانی ئارمانجە شۆڕشگێڕانەکانیان زیاتر دەبێت.
Your Comment