ئەمریکا و تورکیا مۆڵەتێکی ۳۰ ڕۆژەیان بۆ تێکەڵ بوونی SDF لەگەڵ سوپای سووریا دیاری کرد

پێگەی میدل ئێست ئای-ی بریتانی بڵاویکردەوە، ئەمریکا و تورکیا مۆڵەتێکی ۳۰ ڕۆژەیان داوەتە هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ یەکگرتنیان لەگەڵ سوپای دەوڵەتی کاتیی سووریا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێگەی میدل ئێست ئای، لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانیەوە بڵاویکردەوە،  ئارامی ئەمریکا و تورکیا خەریکە بە کۆتادێت. لە کۆبوونەوەیەکدا کە هەفتەی ڕابردوو لە سووریا ئەنجام دراوە، بەرپرسانی ئەمریکی و تورکی مۆڵەتێکی ۳۰ ڕۆژەیان وەک دوا وادە داوەتە هەسەدە بۆ ئەوەی بچنە پاڵ حکوومەتی دیمەشق.

یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوە کردووە، بە هەسەدە وتراوە کە هەموو یەکە چەکدارەکانیان ناخرێنە ناو سوپای سووریاوە. ئەو یەکانەی کە لە یەکگرتنەکەدا بەشدار نابن چەک دەکرێن و کۆنترۆڵی گشتی لای حکوومەتی سووریا دەمێنێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، حکوومەتی دیمەشق ئارەزوویێکی ئەوتۆی نیشان نەداوە بۆ تێکەڵکردنی یەکەکانی تایبەت بە ژنانی هەسەدە، کە بە یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ناسراون بۆ ناو ڕیزەکانی.

بەگوێرە میدیا بریتانیەکە، بەرپرسە تورکەکان لە کۆبوونەوەکەی هەفتەی ڕابردوودا کە لە سووریا بەڕێوەچوو، جەختیان لەوەکردەوە کە نابێت هەسەدە نیازپاکیی دیمەشق، ئەنقەرە و واشنتن بقۆزێتەوە بە درێژکردنەوەی دانوستانەکان و کات کوشتن.

سەرچاوەکانی حکوومەتی تورکیا نیگەرانن لەوەی کە دەستێوەردانی ئیسرائیل ڕەنگە هەسەدە هان بدات بۆ بەردەوامبوون لەسەر داواکارییەکانیان بۆ ئۆتۆنۆمی، بەتایبەتی کە وادیارە دیمەشق لە چارەسەرکردنی ململانێکاندا بێکاریگەرە و ڕووبەڕووی تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان دژی کەمینەی دروز دەبێتەوە.

بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانەی کە قسەیان بۆ میدل ئێست ئای کردوە، لە کۆبوونەوەکەی هەفتەی ڕابردوودا، بەرپرسانی تورکیا داوایان لە یەپەگە کردووە کە زانیاری لەسەر تۆڕی تونێلەکان لە درێژایی سنووری تورکیا و کۆگاکانی چەک کە لە ناوچە مەدەنییەکاندا دامەزراون، پێشکەش بکات.

لایخۆیەوە بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە مەرجی ناونەهێنانی ڕایگەیاندووە، لە کاتێکدا ناتوانن باسی وردەکاریی گفتوگۆ دیپلۆماسییە تایبەتەکان بکەن، بەڵام گفتوگۆکانی یەکگرتن لە نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریادا بەردەوام و چالاکن.

بەرپرسەکە وتی: "ئێمە پشتگیری لە بەردەوامیی ئەم گفتوگۆیانە دەکەین وەک باشترین ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیێکی هەڵپەسێردراو".

News ID 225790

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha