بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: "پێشوازیمان لە شاندی ئیمرالی دەم پارتی بە سەرۆکایەتی هەردوو پەرلەمانتار، سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان کرد، لە میانی کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ستایشی ئەو کۆبوونەوەیان کرد کە ئەنجامیان دا، هەروەها پێداچوونەوەیان بە ئامانجەکانی سەردانەکەیان و هەوڵەکانیان کرد بۆ پشتیوانی کردن لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا".
ئەندامانی شاندەکە جەختیان لەوە کردەوە کە قۆناغێکی نوێ لە تورکیا دەستیپێکردووە کە پرسی بەرقەرارکردنی ئاشتی و یەکلایی کردنەوەی پرسی کورد بووەتە پرسێکی گرنگ و پێویستییەکی بەپەلە، شاندەکە هەروەها ڕۆڵی بارزانی و پاڵپشتی کردنی بۆ ئەو هەوڵانە بەرز نرخاندووە.
مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، جەختیان لە گرنگیی سوود وەرگرتن لە هەر دەرفەتێک کردەوە لە پێناو ئاشتی و سەقامگیری و بەهێزکردنی بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانە و برایەتی نێوان گەلانی ناوچەکە و جیهان بەگشتی.
بارزانی دەشڵێت: "پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی دووپات کردەوە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشمان بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەک لەمبارەیەوە نیشاندا".
پێشتر شاندەکە لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی پارتی مەسعوود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم کۆ بوونەوە.
Your Comment