ناوەرۆکی کۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی ‌و شاندی ئیمرالی بڵاو کرایەوە

کۆبوونەوەی نێوان وەفدی دەم پارتی بۆ ئیمرالی لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆتایی هات و بارەگای بارزانی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر ١٠ـی بەیانیی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان و سری سورەییا ئۆندەر؛ گەیشتە بارەگای بارزانی و لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆک پارتی کۆ بوونەوە.

لە ڕاگەیاندنێکدا کە دوای کۆبوونەوەکە بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە هاتووە "لە دیدارەکەدا، شاندی ئیمرالی بیروبۆچوونی خۆیان لەمەڕ بارودۆخی سیاسی و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و وردەکاری و ئەنجامی دیدارەکانیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان بۆ بارزانی خستەڕوو."

ڕاگەیاندراوەکەی بارەگای بارزانی بڵاوی کردۆتەوە شاندی ئیمرالی لەو دیدارەدا ناوەڕۆکی پەیامی عەبدوڵلا ئۆجەلانیشیان بە بارزانی گەیاندووە.

بارەگای بارزانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "هەر لەو دیدارەدا، سەرۆکی پارتی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، جەختی لە بایەخی پرۆسەی ئاشتی وەک تاکە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەر کردەوە و بە پێویستیشی زانی کە هەموو لایێک هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕ بکەنەوە کە پرۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام."

ئاماژە بەوەش کراوە کە بارزانی ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و سەرگرتنی ڕاگەیاندووە.

لە لایێکی دیکەوە دەم پارتی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندەکەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە "کۆبوونەوەکەی پیرمام، لە چوارچێوەی دیدارەکانی شاندی دەم پارتی بووە لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و  نزیکەی کاتژمێرێک  و ٤٥ خولەکی خایاندووە."

دەم پارتی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، شاندی دەم پارتی،  مەسعوود بارزانییان لە پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا ئاگادار کردووەتەوە و بۆچوون و پێشنیارەکانی بارزانییان لەبارەی پرۆسەکە بە هەند وەرگرتووە.

بڕیارە وەفدەکە لەگەڵ سەرۆکی هەرێم لە هەولێر کۆ ببنەوە و سبەی سێشەممەش سەردانی سلێمانی بکەن و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت کۆ ببنەوە.

بڕیاریشە دوای گەڕانەوەی وەفدکە، بەمەبەستی گەیاندی ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان بگەیەننە، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە، عەبدوڵڵا ئوجەلان بۆ جاری سێهەم ببینن. 

News Code 224884

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha