بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ، دووشەممە، ۱۷-۰۲-۲۰۲۵، لە هەولێر، شاندێکی دەم پارتی بۆ ئیمرالی بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر؛ لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەیێکی زۆر باش و برایانەمان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبوو. سڵاو و ڕێزی عەبدوڵلا ئۆجەلانمان گەیاندە نێچیرڤان بارزانی. هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستانمان لە بۆچوون و هەڵوێستی ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی ئاگادار کردەوە."
بە گوتەی هاوسەرۆکی دەبەپە: "هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا، نیشتمانییانە بوو و پشتیوانیی تەواوی خۆیشی بۆ پرۆسەکە دووپات کردەوە. زۆر سوپاسی هەڵوێست و پشتیوانییەکەی دەکەین."
کەسکین بایندەر، دووپاتی کردەوە: "ئەگەر پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا سەربگرێت و ڕابگەیەنرێت، بۆ ئاییندەی گەلی کورد زۆر پێویست و باش دەبێت. "وەکوو خۆی گوتی: گەلی کورد هیوای بە پرۆسەی نوێی ئاشتی هەیە و حزبە کوردییەکانیش لەگەڵ ئەوەدان، پرۆسەکە بەرەوپێش بچێت.
وا بڕیارە هەر ئەمڕۆ، شاندەکەی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.
سەرلە بەیانیی یەکشەممە، ۱۶-۰۲-۲۰۲۵، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر؛ گەیشتە بارەگای بارزانی و لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا لەگەڵ سەرۆکی پارتی کۆ بوونەوە.
Your Comment