ئۆجەلان: بەهێزکردنەوەی برایەتیی کورد و تورک بەرپرسیارێتیەکی مێژووییە

دەم پارتی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، دوای سەردانی وەفدەکایان بۆ ئیمرالی دەركەوتووە تەندروستیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان باش بووە و پەیامێكیشى ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی توركیا و ڕای گشتی كردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەم پارتی لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانی کراوی پارتی کرێکارانی کوردستان دەڵێت: هەڵسەنگاندنی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ پرسی کورد هەبوو، هەڵسەنگاندنەکانی ئۆجەلان بۆ چارەسەری کێشەی کورد زۆر گرنگ بوون.

ئاماژە بەوەش دراوە، لەگەڵیدا باسی دۆخی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان کرد، ئۆجەلان وتوویەتی بەهێزکردنەوەی برایەتیی کورد و تورک بەرپرسیارێتیەکی مێژووییە.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی دەم پارتی، ئۆجەلان ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانیی پێویست بۆ دەستپێشخەرییە نوێیەکەی باخچەلی و ئەردۆغان، هاوکات داوای لە شاندەکەی پارتی دەم کردووە بۆچونەکانی بگەیەننە ناوەندە سیاسییەکانی تورکیا.

دەم پارتی باسی لەوەکردوە، "تەندروستیی ئۆجەلان باشەو ورەی زۆر بەرزە، لەبارەی تەوەرەکانی کۆبونەوەکەش، هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و تورکیا کراو ئۆجەلان پێشنیازی چارەی ئەرێنی خستەڕوو بەرامبەر بەو سیناریۆ تاریکانەی کە دەسەپێنرێن".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئۆجەلان ئاماژەی بەوەداوە، "بەهێزکردنەوەی برایەتیی کوردو تورک، وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتییەکی مێژوییە، هاوکات گرنگی‌و پێویستییەکی چارەنوسسازی بۆ هەموو گەلان وەرگرتوە".

ئۆجەلان باسی لەوەش کردووە، "بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەستپێشخەری بکەن‌و هەڵوێستی ئەرێنی‌و بونیاتنەریان هەبێت بەبێ گیرۆدەبون بەحیساباتی کاتی‌و تەسک، بێگومان یەکێک لەگرنگترین مەیدانەکانی ئەم بەشدارییە پەرلەمانی تورکیا دەبێت".

لەبارەی لێدوانی بەشێک لەبەرپرسانی تورکیا بۆ چارەکردنی پرسی کورد، ئۆجەلان ڕایگەیاندوە، "من لێهاتویی ‌و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان‌ و باخچەلی بۆ گفتوگۆ، سەردەم، سەردەمی ئاشتی ‌و دیموکراسی ‌و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە".

وه‌كوو ئاشكراكراوه‌، ئۆجەلان پێیوایە: "ڕوداوەکانی غەززەو سوریا دەریانخستوە، نابێت چی دیکە چارەکردنی پرسی کورد دوابخرێت کە هەوڵدەدرێت لەڕێگەی دەستێوەردانی دەرەکییەوە ئاڵۆزتر بکرێت".

ئەوەشی خستوەتەڕوو، "وه‌فدى دەم پارتی ئەم ڕوانگەیەی من، لەگەڵ دەوڵەت‌و لایەنە سیاسییەکان باس دەکات، لەبەر ڕۆشنایی ئەمانەدا، ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم‌ و بانگەواز بکەم، بەوەی هەموو ئەم هەوڵانەمان، وڵات دەگەیەنێتە ئەو ئاستەی شایستەیەتی‌و هاوکات ڕێبەریه‌کی زۆر بەنرخیش دەبێت بۆ گۆڕانکاریی دیموکراتی".

News Code 224622

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha