دەبێت گرووپە کوردییەکانی سووریا تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی داهاتووی ئەو وڵاتەبکرێن

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، "دەبێت گرووپە کوردییەکان لە سووریا" لە چەک دابماڵدرێن و تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی داهاتووی سووریا بکرێن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە گوتی، "ئاسایش، بەتایبەت بۆ کوردەکان، بۆ داهاتوویەکی پڕ لە ئاسایش و ئازادی بۆ سووریا گرنگە. ئەمڕۆ روونم کردەوە کە نابێت بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان (لەگەڵ تورکیا) بە زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ کوردەکان لە سووریا بکەونە مەترسییەوە".

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی، "گرووپە کوردییەکان دەبێت لە چەک دابماڵدرێن و تێکەڵ بە پێکهاتەی ئاسایشی نیشتیمانی بکرێن."

بێربۆک باسی لە دۆخی مەنبجیش کرد و گوتی، "هەزاران کورد لە منبج و ناوچەکانی دیکە بەهۆی ترسیان لە روودانی تووندووتیژییەکی نوێ هەڵدێن."

وەزیرە ئەڵمانییەکە تێگەیشتنی خۆی لەبارەی نیگەرانییە ئەمنییە "رەواکان"ـی تورکیا دەربڕی و گوتی، "نابێت باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ببێتە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا"؛ هۆشداریشیدا لەوەی کە نابێت رێگە بە گرووپە جیهادییەکان بدرێت پێگەی خۆیان لە سووریا بەهێز بکەنەوە.

لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە زیادکرد و شەڕڤانان لە چەند شوێنێک کشانەوە.

یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ تورکیا بگەنە رێککەوتنی وەستاندنی شەڕ، ئەوا شەڕڤانانی دەرەوەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، سووریا جێدێڵن.

News Code 224571

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha