٣٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٤ - ١٨:٣٧

شاندی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆ بوونەوە

کۆبوونەوەى شاندى پارتى و یەکێتى لە سلێمانى
شاندی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆ بوونەوە

کۆبوونەوەى شاندى پارتى و یەکێتى لە سلێمانى بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى پێکهێنانى حکوومەتى نوێى هەرێمى کوردستان کۆتایی هات و هەردوولا ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیەندراوى کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە " لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە 30ـى 11ـى 2024، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسلێمانی لەکەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، پێکەوە باسیان لەبابەتی قۆناغی پاش هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد و ئەگەر و ئامادەکارییەکانی چۆنییەتی کارکردن بەشێوازێک کە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت".

بەگوێرەى ڕاگەیەندراوەکە "هەر بۆ ئەو مەبەستە هەردوو شاندى دانوستانکاری پارتی و یەکێتی ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان و هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی تریش".

سەبارەت بەدانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانیش کەبڕیارە 2ـى 12 بەڕێوەبچێت لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "هاوڕابوون لەبارەی گرنگی بوونی لێکتێگەیشتنی باش بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە".

ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی، شاندێکى پارتى و یەکێتى کۆبوونەوە و شاندەکەى پارتى دیموکراتى کوردستان پێکهاتبوون لە هوشیار زێباری، پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب، ئومێد سەباح، شاندەکەى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانیش پێکهاتبوون لە قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، رێواز فایەق، رزگار حاجی حەمە، نزار ئامێدى.

پارتى دیموکراتى کوردستان، 39 کورسى خولى شەشەمى پەرلەمانى بەدەستهێناوە و شاندى دانوستانى پێکهێناوە، هەفتەى رابردوو لە سلێمانى سەردانى جوڵانەوەى نەوەى نوێ و بزووتنەوەى گۆڕانى کرد.

هاوکات یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان کە 23 کورسى بەدەستهێناوە، شاندى دانوستانى بەسەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى پێکهێناوە، تاوەکو ئێستا لەگەڵ هەریەکە لە یەکگرتووى ئیسلامى، کۆمەڵى دادگەرى، بزووتنەوەى گۆڕان و جوڵانەوەى نەوەى نوێ، کۆبووەتەوە.

دانوستانى نێوان لایەنەکان پاش ئەوەدێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژى 2ـى12ـى بۆ یەکەم دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان دیاری کردووە.

News Code 224447

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha