بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەتیف نێروەیی لهبارهی دانوستانی لایهنهکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی ههرێمی کوردستان ڕایگهیاند: "دانوستانی ئەم جارەی لایەنە براوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، دانوستانێکی جیاواز و درێژ خایەن دەبێت، چوونکە لە هەلومەرجێکی جیاواز و ئاڵوزدا ئەنجام دەدرێت، ئاڵوزی و جیاوازییەکانیش فرەچەشنن، کە دەبنە لەمپەر و بەربەست لەبەردەم چۆنیەتی دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان لەنێوان هێز و لایەنە سیاسیەکاندا و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش".
ئاماژهی بهوهش کردووه، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، یاسایەکی جیاواز، بانگەشەیەکی جیاواز، هەلومەرجێکی جیاواز، کۆمیسیۆنێکی جیاواز، کێشە و گرفتێکی تارادەیێک جیاواز، ئەنجامێکی جیاواز، بۆیە بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی جیاوازیش پێویستی بە دانوستانێکی جیاواز و کاتێکی زیاتر دەبێت.
نێروەیی باسی لهوهش کردووه، دانوستانهکانی ئهمجاره جیاواز و تایبەت دەبێت، چوونکە دانوستانێکی فرەلایەنە و تەنها لەنێوان دوو لایەنی سەرەکیدا ناکرێت، بەڵکوو لەنێوان هەموو هێزە براوەکاندا دەکرێت بۆ ئەوەی ڕای هەموو لایەنەکان لەسەر چۆنیەتی پێکاهێنانی کابینەی نوێ روشنبێت و بشزانن کام لایەن ئامادەیە بەشداری بکات و کامە لایەنیش دەبێت بەشێک لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن.
ئهوهشی خستهڕوو، "ئەوەی تائێستا بەدیکراوە، بەشێک لەو هێزانە نەک ئامادەنین بەشداری لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا بکەن، بەڵکو بریاریانداوە بایکۆتی پەرلەمانیش بکەن، لەبەر ئەوە دانوستانی فرەلایەن کاتێکی زیاتری گەرەکە.
نێروەیی وتيشى: دانوستانێکی تایبەت و درێژخایەن دەبێت، چونکە ئەگەر تەنها لەنێوان هەردو لایەنی سەرەکی هەرێمیشدا بکرێت، ئەم جارە وەکو جارانی پێشو تەنها لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان نابێت (لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکە، ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان) بەڵکوو ناکۆکییەکی توند لەنێوان هەردوو لایەنی براوەی سەرەکیدا هەیە لەسەر شێوازی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان.
ناوبراو ڕوونیشی کردهوه، "دانوستانێکی جیاواز دەبێت بۆ یەکێتی، چوونکە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ناخوازێ تەنها دانوستان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان لەگەڵ پارتیدا بکات، بەڵکو بە پلەی یەکەم دەخوازێت دانوستان لەسەر شێوازو چۆنییەتی راستکردنەوەی ڕێڕەوی حکومڕانی و نەهێشتنی شوێنەواری هەڵە و جیاکاری و نادادییەکانی کابینەکانی رابردوو بەتایبەتی کابینەی نۆ بکات، بۆ ئەو مەبەستە لەم خولەی دانوستاندا راشکاوانە تیشک دەخاتە سەر کەم و کورتی و هەڵەکانی رابردو، ئەو راستییە بۆ شەقام و رایگشتی یەکێتی و پارتی دەدرکێنێت کە لە کابینەکانی پێشوودا یەکێتی شەریک نەبوە بەڵکوو بە ناچاری و لەبەر بەرژەوەندی گشتی بەشداری لە کابینەکانی پێشوودا کردوە".
لەتیف نێروەیی ڕوونیشی کردەوە یەکێتی ئەم جارە پێویستە ببێتە شەریکێکی راستەقینەو بڕیارێکی ڕاست لەسەر بناغەیێکی راستی بدات لەپێناو بەدیهێنانی کابینەیێکی خزمەتگوزار و دادپەروەر و جێبەجێ کردنی دروشم بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن کە ئێستاش مکووڕ و ڕژدە لەسەر جێبەجێ کردنی ئەو بەڵێنانە و بەبێ جێبەجێ کردنی ئەم بەڵێنە رەنگە دانوستان بۆ یەکێتی هیچ مانایەک نەبەخشێت و کارتێکی بەهێزی یەکێتی لەم دانوستانەدا، هەڵوێستێکی هاوبەشی ئەولایەنانەیە کە نایانەوێ بەشداری لە کابینەی نوێدا بکەن، بەڵام هاوهەڵوێستن لەگەڵ یەکێتی لەسەر راستکردنەوەی ڕێڕەوی حکومرانی لەهەرێم و ناڕازین لە شێوازی حکومڕانی هەرێم".
Your Comment