بەشداریی لە کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمدا ناکەین

شاندی پارتی بۆ گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی حکومەت سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد، گوتەبێژی بزووتنەوەکە دەڵێت: پێمان ڕاگەیاندوون بەشداریی حکوومەت ناکەین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی ۱۰ـیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕانی لە سلێمانی کرد، دوای کۆبوونەوەکە، دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، ''ئامانجی سەردانەکە پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو".

دلێر عەبدولخالق وتیشی: ''هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان ڕوونە، بە برایانی پارتیمان ڕاگەیاندووە بەشداری حکوومەت ناکەین، وەکوو هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەمێنینەوە و هەوڵ دەدەین، پەرلەمان و دامەزراوەکانی چاودێری بە شێوەیەک کار بکەن، کە لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵکدا بن".

وتەبێژی بزوتنەوەکە دەشڵێت: ''ئێمە هەم ئەزموونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیمان هەیە، هەم ئەزموونی بەشداری لە حکوومەتدا، بەڵام بەداخەوە ئەزموونی بەشداریمان لە دەسەڵات ئەزموونێکی تاڵ بوو".

دلێر عەبدولخالق داوا دەکات ئەو لایەنانەی کە ناچنە نێو حکوومەتەوە و وەکوو ئۆپۆزیسیۆن دەمێننەوە، ''لەسەر هەندێک هێڵی نیشتمانی رێکبکەوین، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی میللەتەکەی خۆمان بکەین".

شایانی باسە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە ۲۰ـی تشرینی یەکەم کرا، بزووتنەوەی گۆڕان یەک کورسی بەدەست هێنا.

News Code 224440

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha