پارتی ۲۱.۴۴ لەسەد و یه‌کێتی ۱۰.۸۰لەسەدی ده‌نگی ده‌نگده‌رانیان به‌ده‌ست هێنا

دامه‌زراوه‌ی په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدان ڕاپۆرتی دووه‌می له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بڵاو کرده‌وه‌ و به‌پێی ڕاپۆرته‌که‌ش، پارتی ته‌نها (%۲۱.۴۴) و یه‌کێتیش (%۱۰.۸۰)ی ده‌نگی ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی کوردستانیان به‌ده‌ست هێناوه‌، ڕێژه‌ی ده‌نگدانیش (%۵۵.۰۴) و ده‌نگه‌ دروسته‌کانیش ته‌نها (%۴۸.۹۷) بوو له‌ کۆی ده‌نگی ئه‌و که‌سانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو و ته‌مه‌نیان له‌سه‌رووی ۱۸ ساڵه‌وه‌ بوو.

کوردپرێس:

به‌گوێره‌ی دووه‌مین ڕاپۆرتی دامه‌زراوه‌ی په‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی کوردستان که‌ سه‌باره‌ت به‌ (رێکاره‌کانی به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن، بانگه‌شه‌، سروشتی کاندیده‌کان، پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت و گشتی، راگه‌یاندنی ئه‌نجامی به‌رایی و کۆتایی، راو سه‌رنجی لایه‌نه‌ به‌شدار بوه‌کان و چاودێران، سکاڵا و ده‌نگی پووچه‌ڵ و ئه‌گه‌ره‌کانی ساخته‌کاری) له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا ئاماده‌کراوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، "هه‌ندێک له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان، هه‌رچه‌نده‌ خوازیاری ئه‌وه‌ بون هه‌ڵبژاردنه‌که‌ جارێکی تریش دوابخرێت، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر بڕیاره‌کانی دادگه‌ی باڵای فیدڕاڵی نه‌یانتوانی له‌م هه‌ڵوێسته‌یان به‌رده‌وام بن و به‌ناچاری چونه‌ ژێرباری ئه‌نجامدانیه‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ستی پێکرد، پڕ بو له‌ ژاوه‌ژاو و کۆبونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری، تیایاندا گوتاری ئاگرین پێشکه‌ش ده‌کران، که‌ تیایاندا ئه‌ندامانی خۆیان هانده‌دا، ناکۆکییه‌ حزبییه‌کان زه‌ق ده‌کرانه‌وه‌ و لاپه‌ڕه‌ کۆنه‌کانی رابردوی یه‌کتریان هه‌ڵده‌دایه‌وه‌، له‌بری ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی کاری خزمه‌تگوزاری خۆیان بخه‌نه‌ڕوو تۆمه‌تیان بۆ یه‌کتری ده‌به‌خشیه‌وه‌، ئه‌مه‌ش هۆکارێک بو که‌ به‌شێکی زۆری هاوڵاتیان مه‌ترسی دروستبوونی په‌شێوی و پێکدادانیان ده‌کرد.

ئه‌وه‌شی ئاشکراکردوه‌، "کاتێک ئه‌نجامه‌کان راگه‌یه‌نران، هه‌موو حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان هاواریان لێ هه‌ڵسا و پێچه‌وانه‌ی رای پێشویان رایانگه‌یاند که‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ دیزاین کرابوو و زۆرترین ساخته‌کاری کراوه‌، کاتێکیش هاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی تانه‌ له‌ ئه‌نجامه‌کان بده‌ن، له‌ ئاست ڕووداوه‌که‌دا نه‌بوون، به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باسیان لێوه‌ ده‌کرد، که‌مترین سکاڵا و که‌مترین به‌ڵگه‌یان خسته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر ساخته‌کارییه‌ به‌و قه‌باره‌ گه‌وره‌یه‌ کرابێت، چۆن ده‌بێت له‌ کۆی (۷.۰۶۷) سندووق و وێستگه‌ی هه‌ڵبژاردندا به‌ (۱۶) حزبی ناڕازیه‌وه‌ ته‌نها (۱۸۹) سکاڵا پێشکه‌ش بکه‌ن و ته‌نها (۲۶) وێستگه‌ رابگیرێن و به‌دواداچوونیان بۆ بکرێت؟ ئه‌گه‌ر وانیه‌ چۆن ده‌کرێت به‌و قه‌باره‌ گه‌وره‌یه‌ی ساخته‌کارییه‌وه‌ وه‌ک باسی لێوه‌ده‌که‌ن ته‌نها (۴۱) تانه‌ هه‌بێت و هیچ کامیشیان سوور نه‌بن!؟ ئه‌مه‌ی گوزه‌راوه‌ یا لاوازی حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان ده‌رده‌خات که‌ تاوه‌کوو ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت نه‌ خۆیان ناسیوه‌ و نه‌ به‌رامبه‌ره‌که‌یان و نه‌ له‌ شێوازی کاری هه‌ڵبژاردنیش ده‌زانن، یان ئه‌وه‌یه‌ قه‌باره‌ و پاڵپشتی ساخته‌کارییه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ و رێکخراو و پاڵپشت به‌ هێزی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی بووه‌، له‌ئاستی ده‌سه‌ڵاتی به‌دواداچوونی لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کاندا نه‌بووه‌".

News Code 224472

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha