دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان ئامانجی سەرەکیی تورکیا لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا بوون

دەسەڵاتی خۆجێیی سەر بە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری لە شاری حەسەكەی كوردستانی سووریا رایگەیاند، بۆردوومانەكانی تورکیا، ۶۰۴ بیری ئاوی لەو شارەدا لەكارخستووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تورکیا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا چەند جارێک کۆمپانیاکانی کارەبای کۆبانی و عامودێی بۆردوومان کرد، هاوکات بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە بەیاننامەیەکی پێشوویدا ڕایگەیاندبوو، کە زیانەکانی کەرتی وزە لە ئەنجامی بۆردومانەکەی تورکیا، پێنج ملیۆن دۆلاری ئەمریکیە.

لە بەیاننامەیەکدا، دەسەڵاتی خۆجێی لە حەسەكە ڕەخنەی لە "بێدەنگیی نێودەوڵەتی گرت لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە هێزەکانی تورکیا ئەنجامیان داوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە ئەندامانی تیمی ئاگرکوژێنەوە لەکاتی جێبەجێ کردنی ئەركەكەیدا بەهۆی بۆردوومانەكانی تورکیاوە برینداربووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆردوومانەکە بووەتە هۆی نەگەیشتنی سووتەمەنی بۆ ناوەندە خزمەتگوزارییەکان، ئەمە جگە لەوەی كە سووتەمەنی بەڕێژەیەكی "بەرچاو" کەم بووەتەوە.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، نانەواخانەکان و كۆگاكانی ئارد بۆردوومان كران کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووری ناوچەكە كردووە و بووە هۆی کۆچ کردنی خەڵكی ناوچەكە.

پێشتر بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبووە: "ئەم دەستدرێژییە، بەبێ هیچ پاساوێک، هەوڵدانە بۆ قووڵتركردنی قەیرانە ئابوورییەکان، بەو پێیەی كە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان بەئامانج دەگیرێن، و هەڕەشە لە ژیانی پێنج ملیۆن كەس دەكرێت كە خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانەن".

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم دەستدرێژییە مەترسییەکی گەورەیە" بۆ سەر بارودۆخی مرۆیی و خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتی، هەروەها دەرفەت بۆ شانە "تیرۆریستییەکان" دەڕەخسێنێت کە خۆیان بەهێزتر بکەن و خۆیان ڕێکبخەنەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەكانیان.

لەبەباننامەكەدا هاتووە، هێرشەکانی تورکیا سەقامگیری ناوچەكە تێکدەدات و هەڕەشە لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکات کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدرێن.

لە بەیاننامەکەیدا داوای لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و رووسیا و هەموو دەزگاكانی مافی كرا کە "درک بە کاردانەوەکانی ئەم دەستدرێژییە بکەن، و هەنگاویش بنێن بۆ ڕاگرتنی و دروستكردنی لێژنەیەكی لێکۆڵینەوە بۆ لێپرسینەوە لە تاوانباران".

ئاماژەی بەوەش کردووە، تورکیا ۱۰۳۱ هێرشی ئەنجامداوە، كە لە ئەنجامدا ۱۷ شەهیدی لێكەوتۆتەوە و ۶۵ كەسیش برینداربوونە. كە ۱۱۸ هێرشی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە و ۲۰ هێرشی فڕۆکەی جەنگی و ۸۹۳ هێرشیش لە رێگای تۆپخانەكانەوە ئەنجامدراوە.

بۆردوومانەکەی تورکیا وێستگەکانی کارەبای ناوچەکانی قامشلۆ، كۆبانێ، عامودێ، و ترپە سپی، لەكارخست و بوە هۆی پچڕانی كارەبا لە زیاتر لە ۱۵۰ هەزار خێزان، ئەمەش جگە لەوەی كە ئەو ناوچانە بێ ئاو دەبن.

News Code 224307

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha