هێرشه‌کانی تورکیا ئەگەر بەردەوام بێت، وه‌ڵامی یاسایی ئێمەیش توندتر دەبێت

فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات له‌باره‌ی هێرشه‌که‌ی ئه‌نقه‌ره‌وه‌ ڕایگه‌یاند: "هێزه‌کانمان هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌وه‌ نییه‌ و هیچ که‌سێک له‌ خاکی ئێمه‌وه‌ نه‌چووه‌ته‌ ناو خاکی تورکیاوه‌".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) له‌ په‌یامێکدا بڵاویکرده‌وه‌، ماوه‌ی چوار ڕۆژه‌ تورکیا به‌بێ هیچ هۆکارێک و پاساوێکی ڕه‌وا هێرش و ده‌ستدرێژی ده‌کاته‌ سه‌ر هه‌رێمه‌کانمان، ئه‌م هێرشانه‌ ژێرخانی ئابووری و دامه‌زراوه‌کانی خزمه‌تگوزاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی مه‌ده‌نی تایبه‌تیش ده‌که‌نه‌ ئامانج، هه‌روه‌ها هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی ده‌که‌ن ئامانج که‌ تا ئێستا ۱۷ که‌سی مه‌ده‌نی کوژراون و ۴۸ که‌سی دیکه‌ش برینداربوون که‌ ته‌نها ۹ که‌سیان هێزی سه‌ربازی بوون.

سه‌باره‌ت به‌ ئامانجه‌کانی تورکیا له‌و هێرشانه‌دا، فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده‌ ئاشکرای کردووه‌، "ماوه‌ی پێنج ساڵه‌ تورکیا هه‌وڵی داگیرکردنی زیاتری خاکه‌کانمان ده‌دات، به‌ڵام له‌م هه‌وڵه‌دا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌ و سه‌رکه‌وتوو نابێت، بۆیه‌ بۆ تێکدانی ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌کانماندا هێرشی له‌و جۆره‌ ده‌که‌ن و پێداگری له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونیان ده‌که‌ن".

فه‌رمانده‌ی هه‌سه‌ده‌ جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ ئامانجی سه‌ره‌کی تورکیا له‌ پشت ئه‌م هێرشانه‌وه‌: "له‌ناوبردنی ئیداره‌ی خۆسه‌ری، لاوازکردنی ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌کانمان و پاڵپێوه‌نانی خه‌ڵکه‌که‌مانه‌ به‌ره‌و ئاواره‌بون له‌ شار و گونده‌کانیان"، هه‌رچه‌نده‌ ئیداره‌ی خۆسه‌ری دژایه‌تی تورکیای نه‌کردوه‌ و په‌یوه‌ندییه‌کی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان ده‌پارێزێت.

مەزڵووم عه‌بدی باسی له‌وه‌ش کردووه‌، "تورکیا هێرشه‌کانی بۆ سه‌ر ناوچه‌کانی ئێمه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌و هێرشه‌ی که‌ له‌م دواییانه‌دا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ڕویدا و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ هێرشکه‌ران له‌ خاکی سوریاوه‌ هاتونه‌ته‌ ناو خاکی ئه‌و وڵاته‌، من دوپاتی ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ هێزه‌کانمان هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌وه‌ نییه‌ و هیچ که‌سێک له‌ خاکی ئێمه‌وه‌ نه‌چوه‌ته‌ ناو خاکی تورکیاوه‌ و تورکیاش ناتوانێت به‌ڵگه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ پێشکه‌ش بکات".

فه‌رمانده‌ی گشتیی هه‌سه‌ده‌ ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاندووه‌: "ئێمه‌ له‌ فه‌رمانده‌یی گشتیی هێزه‌کانمان بڕیارمان هه‌یه‌ هیچ ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌ربازی له‌سه‌ر خاکی تورکیا و باکوری کوردستان ئه‌نجام نه‌ده‌ین و گۆڕه‌پانی سه‌ره‌کی و تاکه‌ گۆڕه‌پانی ئێمه‌ بۆ خه‌بات و چالاکی سه‌ربازیمان ته‌نیا گۆڕه‌پانی سووریایه‌".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا، مەزڵووم عه‌بدی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، چه‌ندینجار ئاشکرایان کردوه‌ که‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ناکۆکییه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌مو لایه‌نه‌کان له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورکیادا، وتیشی "هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م هێرشانه‌ زیان به‌ هه‌وڵه‌کانمان بۆ دیالۆگ ده‌گه‌یه‌نێت و هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌رمان دروستده‌کات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هێرشه‌کانی تورکیا به‌رده‌وام بن، ئێمه‌ش ناچارین وه‌ڵامی یاسایی خۆمان به‌رامبه‌ریان توندتر بکه‌ین".

News Code 224284

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha