ئایا ئەگەر و توانای تەزویر کردن لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی کوردستاندا هەبوو؟

سەرەڕای ئەوەی کە ئەنجامی کۆتایی شەشەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕانەگەیێندراوە، بەڵام پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان هەڵویستی هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەری بوونی ساختەکاریی لەم هەڵبژاردنەیەدا هێنایە ئاراوە. داروین مستەفا مامۆستا و توێژەری زانستی لە دیپارتمێنتی ئەندازیاریی زانکۆی وێست-ی  سوید لە یادداشتێکدا بەشێوەی زانستی وەڵامی پرسیارەکانی لەبارەی ئەگەری تەزویر کردن لە هەڵبژاردنی ئەمدواییەی پەرلەمانی کوردستانی داوەتەوە.

کوردپرێس

لە ڕۆژانی ڕابردوودا زۆرهەواڵ و شیکردنەوەم بەرچاوکەوت سەبارەت بە تەزویرکردن لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەلیکترۆنی، بەڵام چاوم بە هیچ شیکردنەوەیەکی زانستی ورد نەکەوت لە لایەن کەسێکی شارەزای بواری تەکنەلۆجیا و ئایتیەوە، بۆیە وەک و مامۆستایەکی زانکۆ و توێژەری زانستی لە بواری سۆفتوێر و ئایتیدا هەوڵدەدەم بەپێی ئەو زانیاریەی من هەمە شیکردنەوەیەکی کەم  بۆ بابەتەکە بکەم و وەڵامی دوو پرسیار بدەمەوە.

١- ئایا دەکرێت لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنیەوە ئەنجامی دەنگدان بگۆڕدرێت؟ چۆن

٢- ئایا دەتوانرێت بدۆزرێتەوە کە سیستەمێک دیزاین کراوە یان نە؟ چۆن

سەرەتا من نازانم و نامەوێت بڵیم ئایا لە هەڵبژاردنی کوردستاندا یاری بە دەنگەکان کراوە بە سودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیا یان ئەوە دەنگی واقعی لایەنەکانە.

بەڵی دەکرێت سود لە تەکنەلۆجیا وەر بگیرێت و ئەم کارە ئەنجام بدرێت و وە پێشتریش لە چەندین وڵاتدا ئەم حاڵەتە ڕیپۆرت کراوە وەکوو (فلیپین، ئۆکراینا، کۆنگۆ،ئەمریکا).

ئەو ڕێگایانەی کە دەکرێت بەکاربهێندرێت بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان(تەزویر).

١- سیناریۆی یەکەم: بەکارهێنانی جۆرێکی تایبەت لە حوبر و وەرەقە: دەکرێت جۆرێکی تایبەت لە حوبر بەکاربهێندرێت بۆ دەنگدان کە توانای سڕینەوەی هەیە و ئەم حوبرە پێیی دەوترێت(ئیرایسەبل ئینک) سندوقی دەنگدان دەتوانێت دەنگی دەنگدەر بسڕێتەوە و دەنگبدات بە لایەن و کەسێکی تر، ئەم جۆرە حوبرە لە ٢٠٠٠ ەوە گەشەی پێدراوە و لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە خرایە خزمەتی گشتیەوە لە لایەن کۆمپانیای تۆشیباوە لە جۆرێکی تایبەتی پرنتەریاندا، میکانیزنی سڕینەوەی ئەم جۆرە حوبرە بریتیە لە خستنەسەری گەرمایەکی زۆر تا ٢٠٠ پلەی سیلیزی لە ڕیگەی لەیزەری تایبەت بەم کارەوە کە وادەکات ئەم حوبرە ڕەنگەکەی لەدەستبدات و ئیتر بەچاو نەبیندرێت لەسەر وەرەقەکە.

٢- سیناریۆی دووەم: گۆڕینی دەنگەکان لە کاتی یان دوای گواستنەوەی دەنگەکان بۆ سەنتەری کۆکردنەوەی داتاکان

بەشێوەیەکی گشتی لەم جۆرە سیتەمی دەنگدانانەدا ئەنجامەکان لە ئامێرەکانی ناوەندەکانی دەنگدانەوە بە وایەرلێس دەنێردرێت بۆ سیستەمی ناوەندی، لێرەدا هاکەرەکان یان تەنانەت خاوەنی فەرمی سیستەمەکە دەتوانێت بەمەبەست گۆڕانکاری لە داتاکان بکەن و ئەنجامی کۆتایی بە شێوەیەکی تر بخاتەڕوو.

٣- سیناریۆی سێیەم:بونی هەڵە لە سۆفتوێر یان هاردوێرەکاندا

دەکرێت بەبێمەبەست پرۆگرامەرەکان هەڵە ئەنجام بدەن و سۆفتوێرەکە بە شێوەیەکی هەڵە ژماردن بۆ دەنگەکان بکات، بۆنمونە کۆمەڵێک دەنگ بە سوتاو هەژماربکات یان کۆمەڵێک دەنگ هەژمار نەکات بۆ لایەنێک.

ئایە دەکرێت لە دوای دەنگدان بزانرێت ئایا دەنگەکان گۆڕانکاری تیا کراوە (تەزویر کراوە)؟

دەستیشانکردنی ئەوەی کە ئایا یاریکردن بە ئەنجام کراوە یان نە لە ڕوی تەکنەلۆجیوە کارێکی تا ڕادەیەک ئاڵۆز و قورسە بەڵام مەحاڵ نیە.

١- یەکێک لە ڕێگەکان ئەوەیە کە کۆی دەنگەکان بە دەست بژمێردرێت بەراورد بکرێت بە ئەنجامی کۆتایی ئامێرەکان، ئەگەر هەردوو ئەنجامەکە وەکو یەکبوو ئەوا دەبێ تێستی دوەم ئەجام بدرێت.

٢- دەبێت ئەو حوبر و وەرەقەیە تاقیبکرێتەوە کە بەکارهێنراوە بۆ دەنگدان بۆ ئەوەی بزاندرێت ئایا چی جۆرێکی حوبر بەکارهێنراوە، تاقیکردنەوەکە دەبێت لە ڕێگەی لیزەری تایبەتەوە بکرێت (لەیزەری ئای ئاڕ، لەیزەری دایۆدی، لەیزەری دوانە ئۆکسیدی کاربۆنی) کە بۆ ئەم مەبەستە دیزاینکراوە، کە بە شێوەیەکی ورد ئەو شوێنەی حوبرەکەی لەسەرە گەرم دەکات تا نزیکەی ٢٠٠ پلەی سیلیزی بە بێئەوەی هیچ زیانێک بە وەرەقەکە بگەیەنێت.

- ڕێگەیەکی هەڵە هەیە کە تاقیکردنەوەی سودی نیە ئەوەش خستە سەری جۆریتری گەرمیە وەکوو ئاگر بە مەبەستی سڕینەوە چونکە جگە لە لەیزەر هیچ جۆرێکی تری گەرمی سودی نابێت بۆ سڕینەوە، چونگە ئێمە ناتوانین کۆنترۆڵی پلەی گەرمی ئاگر بکەین دەکرێت زۆر گەرمبێت کە وەرەقەکە بسوتێنێت یان کەمبێت کە نەتوانێت نوسینەکە لاببات.

٣- یەکێکی تر لە تێستەکان کە پێویستە ئەنجامبدرێت: تێستکردنی کۆد و ئەلگۆریسمی سیستەمەکەیە لە لایەن ستافێکی شارەزای پرۆگرامین (تێستینگ گرووپ) بۆ ئەوەی بزانن ئایا دیزانی سیستەمەکە بەشێوەیەکی دروست کراوە بە ڕەچاوکردنی سەرجەم کوالیتی فاکتەرەکانی (ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کوالیتی سۆفتوێر) کە بە (ئایزۆ٩١٢٦) ناسراوە لە پرۆسەی دروستکردنی سیستەمەکاندا. وە پێویستە گروپەکە دڵنیابن لەوەی ئەو کۆد و ئەلگۆریسمەی پێیاندەدرێت تێستی بکەن هەمان کۆد و ئەلگۆریسمە کە خراوەتە سەر ئامێرەکان.

- ڕێگەیەکی هەڵە کە سوودی نابێت ئەوەیە کە هەوڵبدرێت دووبارە سیستەمی دەنگدان بخرێتەوە کار و چەندکەسێک دەنگ بدەن دواتر سەیری ئەنجامەکان بکرێتەوە بۆ ئەوەی بزاندرێت ئامێرەکان دەنگەکان بە دروستی هەژماردەکەن، ئەم ڕێگەیە بێسوودە چوونکە گەر من ئەم ئەلگۆریسمە بنووسم سوود لە تایم ستامپ وەردەگرم واتە کارێک دەکەم ئەم سیستەمە تەنها لە ڕۆژێکی دیاریکراودا (ڕۆژی دەنگدان) سیستەمەکە گۆڕانکاری لە دەنگەکان بکات و ڕۆژەکانی تری پێش هەڵبژاردن یان دوای هەڵبژاردن سیستەمەکە دەنگەکان بە دروستی هەژمار بکات.

News Code 224290

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha