بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهوور شێخ جەنگی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ لە بارەگەی بەرەی گەل لە شاری هەولێر، لەگەڵ مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و وەفدی یاوەری کۆ بووینەوە و پێکەوە بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەر و ئەو ساختەکارییە بەرفراوانەی ئەنجامدراوە و تەئکیدمان لە هەماهەنگی نێوان کۆمەڵی دادگەری و بەرەی گەل کردەوە".
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەردوولا هاوڕابووین لەسەر ئەوەی کە پێویستە تانەی لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی ئەم هەڵبژاردنە لەبەرچاو بگیرێ، جەختیان کردووتەوە، کە تێپەڕبوونی هەڵبژاردنەکانی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر بەو هەموو ساختەکارییەوە پرسیاری جدی لەسەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و شەرعییەت و مەشروعییەتی پرۆسەی سیاسی دروست دەکات و متمانەی خەڵک بە دامەزراوە نیشتیمانییەکان هێندەی تر لاواز دەکات.
هەروەها دەشڵێت: لەو دیدارەدا لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری، جارێکی تر ئەو راستییەمان دووپاتکردەوە کە ئەو ساختەکاریی و دیزاینەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر کراوە گوزارشتە لە شکستی حوکمڕانیی و ترسی حزبەکانی دەسەڵات لە سەنگی راستەقینەی خۆیان هەر بۆیە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا و هەر جارە و بە مۆدێل و رێکارێک پەنا بۆ ساختەکردنی ئیرادەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبەن.
Your Comment