کوردپرێس
پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان لە هەموو بازنەکانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک بوو کە لە هەر بازنەیەکدا سێ تا حەوت ناوەندی دەنگدان دیاری کرابوو. لە هەر وێستگەیەکیشدا سێ کارمەند و بەڕێوەبەرێکی وێستگەکە پڕۆسەی ورگرتنی دەنگەکانیان لەئەستۆ بوو. لە هەموو وێستگەکاندا کۆی ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی کە ڕێگەیان پێدرابوو لەو ناوەندەدا دەنگ بدەن، لەبەردەستدا بوو. پسوولە دەنگدان و سندووقی مۆرکراو بە پێنج مۆرەوە بە کۆدی تۆمارکراو لە کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانییەوە ئامادەبوون بۆ دەنگدان. لە پرۆسەی دەنگداندا سێ ئامێری ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنران:
(A ئامێری التحقیق (VVD):
یەکەم ئامێر کە کەسی دەنگدەر کاری پێدەکات ئامێری VVDیە کە کۆدێکی پێنج ژمارەیی قفڵکراو و ناسنامەی تایبەتی هەیە. ئەم ئامێرە زانیاری دەنگدەران کۆنتڕۆڵ دەکات. هەر کە دەنگدەر دەچێتە ناو بنکەی دەنگدان کارتی ئەلیکترۆنی دەنگدان دەخاتە ناو ئامێری VVD بۆ ئەوەی زانیارییە کەسییەکانی کۆنترۆڵ بکرێت و پشتڕاست بکرێتەوە. دوای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانی دەنگدەر، پسوولەی دەنگدان بۆ ئەو کەسە چاپ دەکرێت. ئەگەر کارتی دەنگدەر بەهۆی هەر هۆکارێکی فیزیکی یان تەکنیکییەوە نەناسرایەوە، لەوانەش ئەوەی کارتەکە شێواوە یان قرشی تێکەوتووە یان خود سیمەکەی کێشەی تێدایە، پسوولەیەک دەردەچێت کە تێیدا نووسراوە کارتی ناوبراو نەناسرا، پاشان بارکۆدێکی ناوازەی پەیوەندیدار بە بارکۆدەوە هەیە بۆ دەنگدانی ئەو کەسە. بەم پسوولەوە کەسی دەنگدەر دەتوانێت دەنگ بدات و کێشەی کارتی دەنگدەریەکەشی دوای دوو مانگ لە کۆتایی هاتنی پڕۆسەی دەنگدان بە سەردانی کردنی یەکێک لە ناوەندەکانی کۆمسیۆن لە پارێزگاکەی خۆی چارەسەر بکات.
(B ئامێری پیکۆس (Picos):
ئەم ئامێرە کە کۆدێکی ٥ ژمارەیی تایبەت بەخۆی هەیە، لە بەشی سەرەوەی سندووقی دەنگدان دانراوە و ئامێری زیرەک و کامێرای لەسەرە. ئەو دەنگەی لە ڕێگەی ئەم ئامێرەوە وەرگیراوە دەخرێتە ناو سندووقەکەوە و هەموو زانیارییەکانی دەنگدەر بە وردەکاری تۆمارکردن و ڕەگەزەوە، لە ڕێگەی ئامێری VVDوە بۆ ئەم ئامێرە دەنێردرێت، و ئەگەر پسوولەی دەنگدانەکە کێشەی نەبێت. واتا نەدڕابێت یان نەنووشتابێتەوە یان چرچ و لۆچی تێدا نەبێت یان تەڕ نەبووبێت لەم ئامێرەدا سکان دەکرێت و دەخرێتە ناو سندووقەکەوە.
بە ئاوڕدانەوە لە هەستیاربوونی ئامێریPICOS پێویستە کارمەندانی کۆمسیۆن و بەڕێوەبەری وێستگەکە هەمیشە چەند ڕێنمایی و شتی پێویست بۆ دەنگدەران ڕوون بکەنەوە.
چەند ڕێنمایی و دەستەواژەی گرنگ کە پەیوەندییان بە دەنگە نادروستەکانەوە هەیە بریتین لە:
دەنگی "مستبعدە": ئەو دەنگانەی کە قۆناغێک لە قۆناغەکانی دەنگدانیان تێپەڕاندووە پاش وەرگرتنی زانیارییەکان لە ئامێری VVD درێژەی پڕۆسەکەیان بە هۆکارێک تێنەپەڕاندووە.
دەنگی "مستبدلە": ئەو دەنگانەی کە یەکەمجار دەنگدەر بە هەڵە لیستێکی هەڵبژاردووە یان دوای هەڵبژاردنی لیستەکە، بڕیاریداوە دەنگ بە لیستێکی تر بدات و پێویستە بیگۆڕدرێت بۆ ناوی لیستێکی تر. لەم دۆخەدا دەنگدەر خۆی (نەک کەسێکی تر) دەسەڵاتی ئەوەی هەیە داواکاریی دووبارەکردنەوەی دەنگدان بە کارمەندانی کۆمسیۆن ڕابگەیەنێت و بە خوێندنەوەی کۆدی وەرگیراو کۆدێکی نوێی بۆ دەردەچێت لەگەڵ دەنگدانی نوێ، و توانای ئەوەی هەیە دەنگی خۆی بداتەوە. هەڵبەت بۆ هەر دەنگدەرێک تەنها یەکجار "المثنی" دەردەچێت.
دەنگی "باطله": پرۆسەی دەنگدان بە مۆرکردنی خانەی بەردەم لیست و کاندیدی هەڵبژێردراو ئەنجام دەدرێت. دەنگدەر دەبێت بە وریاییەوە خانەی پێش لیستی خوازراودا مۆر بکات. ئەم مۆرە دەبێت بە وریاییەوە و بە پڕڕەنگیەوە بێت. نابێت مۆرەکە لە دەرەوەی خانەکە بدرێت. نابێت مۆرە کاڵەکان دووبارە مۆر بکرێنەوە. ئەگەر هەریەکێک لەو حاڵەتانە ڕەچاو نەکرا، ئەوا دەنگەکە دەسووتێنرێت.
دەنگی "تالفە": ئەو دەنگانەی کە هەموو پڕۆسەی دەنگدانەکەیان تێپەڕاندووە پێش خستنەوەیان لەناو سندووقی دەنگدان بە هۆکارێک کێشەیان بۆ دروست بووە لەوان یان دڕاون یان تەڕ بوون یان چرچ و لۆچ کراون بە جۆریک کە ناخوێنرێتەوە و ئەو پسوولەیەش دەسووتێت.
(Cئامێری RTS:
ئەم ئامێرە کە بەڕێوەبەری لقی دەنگداندانەکە کاری پێدەکات، دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان و قفڵکردنی ئامێرەکانی ڤی ڤی دی (VVD) و پیکۆس (PICOS)، لە ڕێگەی کێبڵی تۆڕەوە بەم دوو ئامێرەوە دەبەسترێتەوە و هەموو زانیارییەکانی لقی دەنگدانەکە، لەوانەش ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، ژمارەی دەنگدەرەکان، ڕەگەزی دەنگدەران، ژمارەی دەنگەکان بۆ هەر لیستێک، ژمارەی دەنگەکان بۆ هەر کەسێک و کۆی دەنگە سووتاوەکان، گۆڕاوەکان، پووچەڵکراوەکان، ئەو دەنگانەی کە پسوولەی دەنگدانەکەیان کێشەی تێکەوتووە لە کۆتاییدا دەنگە دروستەکان هەموویان لە ڕێگەی ئینتێرنێتەوە لە یەک لیستدا و لە هەمان کاتدا بۆ کۆمیسیۆنی ناوەندی لە بەغدا دەنێردرێت.
دوای ناردنی زانیاری لقەکە بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان دەست پێدەکات. ئەو سندووقانەی پێنج مۆریان لەسەرە دەکرێتەوە و دوای ژماردنی لە فۆرمەکانی (ژمارە ٤١ و ٤٢)دا زانیاری دەربارەی دەنگی کاندیدەکان و لیستەکان بە دەست دەنووسرێت و دوای بەراوەرد کردنیان لەگەڵ پسوولەی چاپکراوی ئامێری RTS، بە شەش مۆری نوێ کە لە دەستی بەڕێوەبەری لقدایە مۆر دەکرێت. ئەگەر ژمارەی دەنگی کاندیدەکان و لیستەکان لە ژماردنی دەستی و پسوولەی ئەلیکترۆنی چاپکراودا یەک شت بن، پێویست ناکات هیچ شتێکی تر بکرێت، بەڵام ئەگەر ئەو دەنگانەی ژماردنی دەستی و ئەلیکترۆنی جیاوازییان هەبێت، ئەوا ئەو سندووقەی کە جیاوازییەکەی تێدایە بە تیوبێکی پلاستیکی بە ڕەنگی شین نیشانە دەکرێت و دەنێردرێت بۆ کۆمیسیۆنی ناوەندی پارێزگای پەیوەندیدار.
لە پرۆسەی وەرگرتنی دەنگەکاندا، تا چەند ئەگەری ساختەکاری هەبوو؟
لە پڕۆسەی دەنگداندا نوێنەر و چاودێرانی ڕەوتە سیاسییەکان و چاودێرانی عێراقی و نێودەوڵەتی لە بنکەکانی دەنگداندا ئامادەبوون و بە کردەوە ئەگەری ساختەکاری و تەزویر لە پرۆسەی دەنگداندا نەک هەر لە ئاستێکی کەم، بەڵکوو بە بڕوای زۆربەی چاودێران نزیک لە سیفر بوو. بەپێی چاودێرییە مەیدانییەکانی کوردپرێس، تەنیا دوو بارودۆخی لاواز هەن کە ئەگەری ساختەکاری بەرز دەکەنەوە: یەکەم: هاککردنی داتابەیسی ناوەندەکانی کۆمسیۆن لە پارێزگاکان یان ناوەندی سەرەکی کۆمسیۆن لە بەغدا کە ئەمەش هیچ بەڵگە و زانیارییەکەی لەسەر نەبوو. دووەم: پەیوەندی بە پرۆسەی دەنگدانەوە هەیە، کە ئەمەش زۆر قورسە. ئەگەر لە بنکەی دەنگدان، کارمەندی کۆمسیۆن (ئەو کارمەندەی کە زانیاری کارتی دەنگدەر لە ئامێری VVD داخڵ دەکات، زانیاری کارتی دەنگدەر نەنێرێت بۆ ئامێری PICOS (کە هەڵبەت دەبێت بە ئەنقەست ڕێگری لەناردنی کارتی دەنگدەر بکرێت و ئەمەش لە پێش چاوی چاودێرانەوە کارێکی مەحاڵە). دەنگی کەسی دەنگدەر لەنێو دەنگە (مستبعده) ئەژمار دەکرێت و دەنگەکەی ئەژمار ناکرێت، بەڵام ناوی تەنها وەک بەشداربوویەک لە پرۆسەی دەنگداندا تۆمار دەکرێت، بە بوونی وەها پڕۆسەیەکەوە دیزاین کردن یا ڕوودانی هەرچەشنە ساختەکاری و تەزویر کردنێک لە پڕۆسەی وەرگرتنی دەنگەکاندا ڕەت کراوەیە. بەڵام بەشێوەی زانستی باس لە هاک کردنی داتابەیس یا بابەتە هونەریەکانی نەرمئامێر و ئینتەرنێتەوە کەسی پسپۆڕی ئەم بابەتەی دەوێت بکرێت.
Your Comment