بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی حەمەساڵح لهبارهی ئهنجامدانی "ساختهكاری" له ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "سەروی ۲۰۰ هەزار دەنگ پووچەڵکراونەتەوەو هیچ لۆژیکێک ڕێگە بەمە نادات، دەنگە پوچەڵکراوەکان دەنگی پارتی و یەکێتی و بەتایبەت پارتییان تێدا نییە بەڵکو دەنگە ناڕازییەکانن".
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە ڕۆژی ۲۰ی مانگی ۱۰ی ۲۰۲۴ بەڕێوەچو، ژمارەی دەنگی پووچەڵ ۲۰۹ ههزار و ۲۰۰ دەنگ بو، لە پارێزگای هەولێر ۹۷ هەزار و ۴۰۰ دەنگ، لە پارێزگای سلێمانی ۹۰ هەزارو ۵۰۰ دەنگ، لە پارێزگای دهۆک ۱۸ هەزارو ۶۰۰ دەنگ و لە پارێزگای هەڵەبجە ۲ هەزار و ۷۰۰ دەنگی پووچەڵ هەبوون.
پارتی دیموکراتی کوردستان بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی ۲۰۱۸ ی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەی دەنگەکانی ۱۰۱ هەزارو ۸۴۴ دەنگ زیادیکردوە، هەروەها یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش ژمارەی دەنگەکانی ۸۳ هەزارو ۲۰۶ دەنگ زیادیکردووە.
عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، "مەعقولە پارتی و یەکێتی سەد قەیرانیان توشی هەرێمی کوردستان کرد کەچی ۲۰۰ هەزار دەنگییان زیاد بکات، کەچی خەڵک سزای ئێمە و کۆمەڵی دادگەری بدات کە بەرگریمان لەو خەڵکە کردوە، ئەمە لۆژیک نییە و ساختەکاری ئەنجام دراوە".
هەروەها وتیشی، "چەندین کاندیدمان لە بنکەکانی دەنگدان دەنگیان داوە کەچی دەنگەکانیان دیار نییە، یاخود کاندید هەبوە کەسوکارەکەی ۲۰۰ دەنگیان بە وێنەوە بۆ ناردوەو ۱۵ دەنگی دیارە".
بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی ۳۹ کورسی، یەکێتی ۲۳ کورسی، نەوەی نوێ ۱۵ کورسی، یەکگرتوی ئیسلامی ۷ کورسی، ڕەوتی هەڵوێست ۴ کورسی، کۆمەڵی دادگەری ۳ کورسی، بەرەی گەل ۲ کورسی و هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان کورسییەکی بەدەستهێناوە.
لە کاتێکدا پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ دڵخۆشن بەو دەنگانەی بەدەستیان هێناوە، بەڵام هەریەک لە یەکگرتووی ئیسلامی، بزوتنەوەی گۆڕان، ڕەوتی هەڵوێست، کۆمەڵی دادگەری، بزوتنەوەی ئیسلامی و بەرەی گەل ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوەو پرۆسەکە بە پڕ لە ساختەکاری وێنا دەکەن.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش دا، نوێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامی، بەرەی گەل، ڕەوتی هەڵوێست و کۆمەڵی دادگەری ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان ڕەتکردەوەو ڕایانگەیاند، "ئەحمەو خراوەتە سندوقی دەنگدان و مەحموو هاتووەتە دەرەوە".
نیگەرانی هێزو لایەنەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ناوبردنی پرۆسەکە بە پڕ لە ساختەکاری لەکاتێکدایە، یەکەمجارە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەبات.
هاوکات عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایگەیاند، "ئەو ساختەکارییانەی لە کوردستان دەکرێت بە ڕێککەوتنەو هەردو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی دەنگەکانی خۆیان زامن کردووە و وەک خێریش هەندێک دەنگیان داوە بە لایەنەکان".
هەروەها وتیشی، "ڕەنگە چیتر تەحەمولی ئەو وەزعە نەکەین و پیرۆزی خۆیان بێت و بە تەواوی لە پرۆسەی سیاسی بکشێینەوە".
لە کاتێکدا بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان ناڕازین و ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوەو یەکێتی و پارتی بە ئەنجامدانی ساختەکاری تۆمەتبار دەکەن، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی و پارتی ئاماژەبەوەدەکەن دڵخۆشن بە ئەنجامی هەڵبژاردن و چاوەڕوانی دەنگی زیاتریشیان کردووە.
ئەکرەم ساڵەح، بەرپرسی لقی ۲۲ ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "وەکو پارتی چاوەڕوانی زیاتر لە ۴۰ کورسیمان دەکرد، بەڵام بەهۆی فرە بازنەییەوە هەندێک لە کورسییەکانمان کەمیکرد".
بڕیارە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە تانە و سکاڵا لەو لایەنانە وەربگیرێت کە پێیان وایە ساختەکاری ئەنجام دراوە و دەنگەکانیان دیار نەماوە.
Your Comment