شاسوار عەبدولواحید، لە پەیامێكدا بۆ لایەنگرانی لەبارەی تۆمار کردنی سکاڵا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڵاویكردەوە: "تاکە شت لە ئێستادا بیلێم ئەوەیە کە نەک ناهێڵین دەنگیان بە زیادە بڕوات، بەڵکوو کاری زۆر باش چاوەروانیان دەکات کە هەموویان دڵخۆش دەکات".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد: "ئێستادا نامەوێت هیچی زیاتر لەسەر هەڵبژاردنەکان بڵێم تا ڕێکاری یاسایی تەواو دەبێت و ئەنجامی کۆتایی ڕادەگەیەندرێت و وەڵامی تانەکان دەدرێتەوە، کە نەوەی نوێ تاکە لایەنە ئەمڕۆ بە فەرمی تانەی تۆمارکردوە لە ئۆفیسی بەغدادی کۆمسیۆنی عێراق".
ئەو وتانەی شاسوار عەبدولواحید لە كاتێكدایە لەكاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، حاكم عومەر ئەحمەد سەرۆكی كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق جەختی كردوە لەوەی: "ئەم ئەنجامانە تانەی لێنادرێت، چوونكە بەرایین، تانە لە ئەنجامی كۆتایی دەدرێت و كاندید، هاوپەیمانی و حزبەكان دەتوانن دوای ڕاگەیاندی ئەنجامی كۆتایی، تانەكانیان پێشكەش بكەن".
Your Comment