بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکیا بڵاوی کردەوە هێرشەكە لەلایەن دوو چەكدار كە ئافرەتێک و پیاوێک بوون ئەنجامدراوە، دوو چەكدارەكە بە ئۆتۆمبێلێكی تەكسی گەیشتوونەتە بەردەم دامەزراوەی پیشەسازی فڕۆكەوانی و ئاسمانی و ڕاستەوخۆ دەستیان بە تەقەكردن كردووە.
وەک لە گرتە ڤیدیۆی چاودێریی دامەزراوەكەدا دەردەكەوێت، هەردوو چەكدارەكە هەر لەنێو گەراجی ئۆتۆمبێل دەست بە تەقەكردن دەكەن و دوو لە پاسەوانەكانی دامەزراوەكە دەكوژن و دەچنە نێو هۆڵی پێشوازییەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكانی توركیا بڵاویان كردۆتەوە، هەردوو چەكدارەكە لە كاتی هێرشەكەدا خۆیان تەقاندۆتەوە.
عەلی یەرلیكایا وەزیری ناوخۆی توركیا ڕایگەیاند: بە كوژرانی هەردوو چەكدارەكە، كۆتایی بە هێرشەكەی ئەمڕۆی ئەنقەرە هاتووە.
لەبارەی ژمارەی قوربانییەكان، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک كۆماری توركیا كە ئێستا بۆ بەشداریكردن لە لووتكەی (BRICS) لە رووسیایە، ڕایگەیاند: لە ئەنجامی هێرشەكەدا چوار كەس كوژراون.
جگە لە كوژراوەكان، ۱۴ كەسی دیكەش بەهۆی هێرشەكە بریندار بوون كە دۆخی تەندروستی ۳ لە بریندارەكان لە مەترسیدایە.
سەبارەت بە ناسنامەی چەكدارەكان، وەزیری ناوخۆی توركیا ئاماژەی بەوە دا كە لایەنە پەیوەندارەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە بۆ ئاشكراكردنی ناسنامەی هێرشكارەكان و ئەو لایەنەی لە پشتیانەوە بوونە، دواتریش بۆ رای گشتی بڵاو دەكەنەوە.
Your Comment