دواى ۲۴ کاتژمێر ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رادەگەیێنرێت

گوتەبێژى کۆمیسیۆن رایگەیاند، دواى ۲۴ کاتژمێر ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردن رادەگەیەنن و ئەنجامە بەراییەکان ناتوانرێت تانەى لێ بدرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کەناڵ۸ـی راگەیاند: لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان، ئامێرەکانی دەنگدان کاتژمێر ۶:۰۰ دادەخرێن و ئەنجامەکان دەگەنە سیستمە ئەلکترۆنییەکانی نوسینگەی نیشتیمانیی و پاشان پرۆسەی ژماردنی دەنگەکان بەدەست دەستپێدەکات تاوەکو ئەنجامەکان هاوتابکرێن و لەماوەی ۲۴ کاتژمێردا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئەنجامە بەراییەکان کە ناتوانرێت تانەى لێ بدرێت رادەگەیەنێت.

گوتیشی، ئەم ئەنجامانە ئەنجامی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتییە کە لەماوەی ۲۴ کاتژمێردا رایدەگەیەنین، ئەم دەرئەنجامانە بەراییە و تانەیی لێ نادرێت،  لەدوای راگەیاندنی ئەم ئەنجامانە چەند بابەتێکی دیکەی تەکنیکی و هونەری هەن تاوەکوو بگەین بە ئەنجامە کۆتاییەکان، لەوانە پێداچوونەوە بە تانەکان، میکانیزمی هەژمارکردنی دەنگەکان، چونکە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق، ژمارە ۱ی ساڵی ۱۹۹۲ بەگوێرەی دەقێکی بیرکاریی نوسراوە کە دابەشکاریی هەڵبژاردن و دابەشکاریی کورسییەکانی تێدایە، بۆیە دەبێت سەرجەم ئەم بابەتانە کۆتایی بێت، ئینجا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی رادەگەینێت، کە دەکرێت تانە لەم ئەنجامانە بگیرێت بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە دەستەی یاسایی، یاخود نوسینگەکانی هەڵبژاردنی سەر بە ئێمە لە نوسینگەی دەستە و نوسینگەی نیشتیمانی، پاشان بە تانەکاندا دەچنەوە و ئەنجوومەنەکە ئەنجامەکان پەسەند دەکات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "بابەتی تانەکان لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەردەکەوێت، لەدوای دەرچوونی ئەنجامە بەراییەکان، بۆیە بەڕاستی ژمارەی تانەکان نازانم، بەڵام کۆی تانەکان لەکاتی دەستپێکردنی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان تاوەکو دوێنێ ۵۵ تانەیە، بۆیە ئەو بابەتە کاتێک کە ئەنجامە بەراییەکان رادەگەیەندرێت ئەم تانانە پێداچوونەوەی بۆدەکرێت و ئەو کاتە ناوەڕۆکی تانەکان دەزانین بۆ هەڵبژاردنی تایبەت یاخود گشتی".

لەبارەی رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی تایبەتدا جومانە غەلای گوتی، "دەنگدانی تایبەت جیاوازە لە دەنگدانی گشتی، پێموایە پێشوازییەکی زۆر باش هەبوو، ئێمە لە رێگەی ئێوەوە لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندن چاودێریمان کردووە، و پێشوازییەکی زۆر باش هەیە لەلایەن دەنگدەرەوە بۆ چوون بۆ بنکەکانی دەنگدان، بەڵام دەمەوێت دڵنیایی بەم بە دەنگدەران کە دەنگەکانیان پارێزراوە و کەس ناتوانێت بزانێت دەنگدەرێکی دیاریکراو دەنگی داوە بە کێ، بۆیە دەنگدەر با ئەمڕۆ دڵنیا بێت، کارتی دەنگدان ناوی هیچ دەنگدەرێکی لەسەر نییە لەگەڵ ئەوەشدا کۆمیسیۆنیش نازانێت ئەو دەنگدەرە دەنگی بە کێ داوە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ داتا و ژمارەکان کار دەکات، تەنانەت دەرئەنجامەکان دەنێردرێت ئەنجامی تایبەتن و کەس نازانێت کێ دەنگی بە کێ داوە، بۆیە با بەشداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن".

News Code 224249

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha